دوای ئاگرەكەی رومێلە

عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی كەمی كردەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

چەند سەرچاوەیەكی بەرپرس ئاشكرایان كرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رومێلە لە بەسڕە بۆ نزیكەی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمی كردەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاگرەی هەفتەی رابردوو لە كێڵگەكە كەوتەوە و ژمارەیەك بیری نەوت لە كاركردن وەستاون.

ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكی لە نوێنەری عێراق لە رێكخراوی ئۆپێك محەمەد نەجاری گواستەوە، هێشتا كاتێكی دیاریكراو دیاریی نەكراوە بۆ دووبارە گەیاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە رومێلە.

كۆمپانیای نەوتی بەسڕە هەینی رابردوو ئاشكرای كرد، ئاگر لە كێڵگەی رومێلە كەوتووەتەوە و بە شەش سەعات ئینجا توانرا كۆنتڕۆڵ بكرێت.

كۆمپانیاكە ئەوكات رایگەیاند، وەڵامدانەوەی خیرای تیمەكانی ئاگركوژێنەوە، رۆڵێكی گەورەیان هەبوو بۆ ئەوەی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێ و نەگاتە یەكەكانی بەرهەمهێنان لە دەوربەری شوێنی ئاگرەكە.

كۆمپانیای نەوتی بەسڕە رایگەیاندووە، پێشبینیی دەكەن بگەڕێنەوە ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان، كاتێك زیانەكان دیاریی دەكرێن و كێشەكان چارەسەر دەبن و كێڵگەكە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی و پیترۆ چاینای چینی بەكاردەخەنەوە.

لە لایەكی دیكەوە پێدەچێت ئەم لەكاركەوتنەی كێڵگەی رۆمێلە یارمەتی عێراق بدات، كە بەشی دیاریكراوی خۆی بە پێی خشتەی ئۆپێك لە نەوت هەناردە بكات، چونكە پێشتر چەندین جار زیاتر لەو بەشەی هەناردە كردووە، كە بۆی دیاریكراوە و رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلە.

بەپێی زانیاری ئاژانسە ئابوورییەكان، نرخی نەوت بە وەستانی هەناردەی نەوتی عێراق لە رومێلەوە، كاریگەریی بۆ سەر بازاڕی جیهانیی نەوت نەبوو، بە جۆرێك ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە لەندەن بە 78 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.