لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بە گرێبەست لە هەڵەبجە
رێکارەکانی دامەزراندنی 500 کەس تەواو بوون
964+
توانا نەقی
500 فەرمانبەر بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە بە شێوەى گرێبەست دادەمەزرێن و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، رێکارەکانی تەواو بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.1.2025 حکومەتی هەرێمی کودرستان بڵاویکردەوە، ئەنجومەنى راژەى گشتى تەواوبوونى رێکارەکانى دامەزراندنى 500 کەسی بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە راگەیاندووە.
دەشڵێت، وێنەیەک لە فەرمانى رەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى راژەى گشتى کراوە و ئێستا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمى ناوبراوان لە لایەن ئەنجومەنى راژەى گشتى بە فەرمى رەوانەى پارێزگاى هەڵەبجە دەکرێت، بە مەبەستى جێبەجێکردنى رێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى رێنمایي ژمارە 10ـەی ساڵى 2019.
دامەزراندنەکە بە شێوەیەکە، کە لە کۆی ئەو 500 کەسە 48 کەسیان کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن، خاڵی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە، هەروەها 25 کەسیش خاوەن پێداویستی تایبەتن و بە سیستمی کۆتا دەرچوون.
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو کەسانەی دادەمەزرێن رەچاوی پسپۆرییەکەیان کراوە و بە پێی ئەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەکان دادەمەزرێن، یەک کەس نابێت دابمەزرێن، کە بە پێی پسپۆرییەکەی کار نەکات.