تەنیا دەڵێت یا ئەڵا یا ئەڵا و هیچ لە شوێنی خۆی ناجوڵێت
ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە ڤیدیۆی کامێرای چاودێری لە مزگەوتێکی کەلار دەرکەوت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە کاتی بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئەم بەیانییەی کەلار لە کامێرای چاودێرییەوە پیاوێک دەرکەوت کە سەرەڕای بەهێزی بوومەلەرزەکە دەست لە قورئان خوێندن هەڵناگرێت و لە شوێنی خۆی ناجوڵێت.
میلاد جەلال پەیامنێری 964 لە گەرمیان چوو ئەو پیاوەی دۆزییەوەو لێی پرسی ”ئەم ئیمانە بەقوەتەت لە کوێوە هێناوە؟”.
حاجی قادر مەجید پیاوێکی بەتەمەنی نوێژخوێنە لە کامێرای چاودێری مزگەوتی تەقوا لە کەلار دەردەکەوێت کاتژمێر 04:02 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27.01.2025 کاتی روودانی بوومەلەرزەکە سەری لەسەر قورئان خوێندنەوە ناجوڵێت.
حاجی قادر بۆ 964ی باسکرد کە بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بووەو وتی ”وەک بێشکە رایدەژاندین و دەنگێکی زۆر گەورەی لێهات.
لەبارەی ئەوەی کاتی بوومەلەرزەکە چی دەکرد، دەڵێت ”هەر دەمانووت یا ئەڵا یا ئەڵا یا ئەڵا زیاتر هیچمان نەدەوت، بیشمریت، مردن بەدەست ئەڵایە، بشێتە ملتا خۆ تۆ دەسەڵاتت هەیە؟”.
دوای بوومەلەرزەکە تەندروستی مام حاجی تێکچووە ”دوای 10 دەقە چارەکێک تەوازنی سەرم تێکچوو، لەگەڵ جەماعەت چوومەوە بردیانمەوە بۆ ماڵ، دوو پیاو لە تەکما هاتن تا چوومە قاپی، ئیتر لە ماڵ هەندێ حەب تەوازون مەوازن ئەمانە هەیە خواردم ئیسراحەتێکم کردو ئەوسا سەرم هاتەوە هۆش خۆی، چونکم سوڕی ئەخوارد”.
ڤیدیۆکەی حاجی قادر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر دەنگی داوەتەوە، بەڵام خۆی ئاگاداری ڤیدیۆکە نییەو دەڵێت لە پیاوانی مزگەوتم بیستووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان کاتژمێر 3 بۆ 5 چەند بوومەلەرزەیەک کەلارو دەورووبەری هەژاند، بەڵام بەهێزترینیان ئەوەی کاتژمێر 04:02 خولەک بوو کە چەقی بوومەلەرزەکە دەکەوتە نێوان قەسری شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پەروێزخان.