بە پڕۆژەیەکى نوێ
دانیشتوانى گەڕەکێکى قەڵادزێ کێشەى ئاویان نەما
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
دانیشتوانى گەڕەکى شەهیدان لە قەڵادزێ، کێشەکەیان چارەسەر بوو و لە رێگاى پڕۆژەى راکێشانى بۆرییەکى نوێى ئاوى خواردنەوە، کۆتایی بەو بۆرییە هات کە لەسەردەمى رژێمى پێشوو، بۆیان دانرابوو.
محەمەد حەسەن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە 964ـی وت،”ماوەیەکى زۆرە دانیشتوانى گەڕەکی شەهیدان لەقەڵادزێ گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەبوو، چونکە ژمارەى دانیشتوانى گەڕەکەکە زۆرن و تەنیا بۆرییەکى 18 ئینجى کە هى سەردەمى رژێمى پێشوو بوو بۆیان راکێشرا بوو”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، نەیان دەتوانى لە بۆرییە کۆنەکەوە ئاوى ئەو 1500 ماڵە بە تەواوى بدەن، بۆیە لە رێگەى هێڵێکى ترى 14 ئینجییەوە کێشەکەیان بۆ چارەسەرکراوە.
بە قسەى لێپرسراوى فەرمانگەى ئاوى قەڵادزێ، هێڵە نوێکە زیاتر لە یەک کیلۆمەتر درێژە و بەمەش ئێستا دانیشتوانى گەڕەکەکە لە رێگەى دوو هێڵەوە ئاویان بۆ دەچێت.
پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین و فەرمانگەی قەڵادزێ جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستادا 96%ـى کارەکانى تەواو بووە و زیاتر لە 350 ملیۆن دینارى بۆ خەرجکراوە.
.دانیشتوانی قەڵادزێ، لەوەرزی هاویندا بۆ هەر رۆژێک پێویستیان بە 32 هەزار مەترسێجا ئاو هەیە، لەوەرزی زستانیشدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە، بڕی ئەم ئاوەش پڕۆژەی ئاوی خاس دابینیدەکات کە پڕۆژەکەش پشتی بەزێی بچوک بەستووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح