دوو ملیۆن دینار پێبژاردن

یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان سەلام ئەحمەدی بۆ یەک ساڵ دوورخستەوە

ژووری هەواڵ

لەسەر هێرشکردنەسەر محەمەد مەنسوور، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی ئاکرێ، لیژنەی رێککاری و سزادانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی سەلام ئەحمەد، یاریزانی یانەی هەولێر بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26.1.2025، یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە گرژییەکەی نێوان محەمەد مەنسوور و سەلام ئەحمەد کردووە و بڕیار دراوە بە راگرتنی سەلام ئەحمەد یاریزانی یانەی هەولێر لە رێکەوتی 26.1.2025 بەدواوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە سەرجەم خولەکانی کوردستان.

هاوکات بڕیاریشدراوە بە ‌‌غەرامەکردنی یاریزانەکە بە بڕی دوو ملیۆن دینار.

رۆژی شەممە 25.1.205، لە یارییەکی دواخراوی خولی نایابی کوردستاندا، ئاکرێ لە یانەی هەولێری بردەوە و دوای یارییەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان محەمەد مەنسووڕ و سەلام ئەحمەدی یاریزانی یانەی هەولێر، گرژی دروست بوو، سەلام ئەحمەد بە شووشەیەک سەری محەممەد مەنسووڕی شکاند.

دوای رووداوەکە، سەلام ئەحمەد، یاریزانی یانەی هەولێر لە روونکردنەوەیەکد لە فەیسبووک رایگەیاند، ئەوەی لە یاریی هەولێر و ئاکرێ روویدا هیچ پەیوەندییەکی بە یانەی هەولێرەوە نییە و کێشەیەکی تایبەتی خۆم بوو، کاتی خۆی کە لە یانەی ئارارات بووم، لووتیان شکاندم و ئەمڕۆ من تۆڵەی خۆم کردەوە.

داوای لێبوردن لە کارگێڕی و هاندەرانی ئاکرێ دەکەم و بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کەسەوە نییە و بابەتەکە کەسییە.