لەناو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی خورماتوو

بۆ ماسیگرتن چوو؛ نوشتە و جادوی دۆزییەوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هاوڵاتییەک بۆ راوەماسی چووەسەر پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەزای خورماتوو، بەڵام لەبری ماسی، نوشتە و جادوی دۆزییەوە.

گۆران عەبدولمەجید، دانیشتووی خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025 وەکو هەموو رۆژێک، بۆ ماسیگرتن چوومەسەر پڕۆژەی ئاوی خورماتوو، بەڵام جیاواز لە رۆژانی تر، کۆمەڵێک نوشتە و جادوم بینی کە سەرئاو کەوتبوون”.

“لەگەڵ هاوڕێکانم بەشێکمان کردنەوە و سەیرمان کردن، دواتر هەموویانمان سووتاندن”، گۆران عەبدولمەجید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد،  ئەم نوشتە و جادوانە رۆژانە و لە درەنگانی ئێوارەدا لەلایەن هاوڵاتیانی خورماتووەوە هەڵدەدرێنە ناو ئاوەکە و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن ئەو گەشتیارانەی کە لە بەغداوە دێن و زۆربەشیان ژنن، لەسەر رێگاکە دەخرێنەناو پڕۆژە ئاوەکەوە.

لەوبارەیەشەوە داود کەریم مامۆستای ئایینی خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەو نوشتە و جادوانەی هەڵدەدرێنە ناو پڕۆژەی ئاوی قەزاکەوە، هیچ زەرەر و زیان و مەترسییەکیان بۆ سەر هاوڵاتیان نییە”.

پڕۆژەی ئاوی خورماتوو سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەزاکەیە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری