خورماتوو

نزیکەی 30 ستوونی کارەبا لە ناو حەوشەی ماڵاندان و مەترسیدارن

+964

سیروان خورشید – خورماتوو

هاوڵاتیانی گەڕەکی برایەتی لە خورماتوو جیا لەوەی بەدەست کێشە و نەبوونی کارەباوە داناڵێنن، لەوەش خراپتر نزیكەی 30 ستوونی كارەبا لە حەوشەی ماڵەكانیاندان، هاوڵاتیانی گەڕەكەكە دەڵێن، داواكارن ئەو مەترسییە لەسەر ژیانیان دووربخرێتەوە.

هاوڵاتیانی گەڕەكی برایەتی لە خورماتوو، ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025 بۆ 964 قسەیان كرد و دەڵێن، بەهۆی کۆنبوونی بەشێکی زۆر لە کێبڵ و ستوون و مەحاویلەی کارەبا، هەفتانە دوو – سێ جار كارەبان دەپچڕێت و بەردەوام بە رێگای فەرمانگەی کارەباوەن.

ئەوان لە رێگەی 964وەوە داوای ئەوە دەكەن، هەرچی زووە لەو کێشەیە رزگاریان بکەن.

هاوڵاتیانی گەڕەكەكە ئەمڕۆ گردبوونەوەیەكیان كرد و ئەوەشیان ئاشكرا كرد، کاتێک کێبڵی سەر ستوونەکان دەپچڕێن و بەردەبنەوە، دەبێت ماڵ بە ماڵ پارە كۆبكەنەوە و بیدەن بە فەرمانبەرانی وێستگەی کارەبا، تا بێن و کێبڵەکان چاک بکەنەوە.

جگە لەو كێشەیە، كێشەیەكی گەورەتر و مەترسیدارتر لەو گەڕەكەی خورماتوو هەیە، بەختیار حەسەن، هاوڵاتییەکی گەڕەکی برایەتییە و ستوونی كارەبا لە حەوشەكەیانە، ئەو بۆ 964 وتی، نزیکەی 30 ستوونی کارەبا لە نێو ماڵەکاندایە و ساڵانێکی زۆرە بەو کێشەیەوە دەناڵێنن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو ماڵانە دروستکردووە و چەندین جار داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووه ستوونەكان لە ناو ماڵەكان بگوازنەوە، بەڵام بەدەم داواکەیانەوە نایەن.

وتیشی، لە ماوەی رابردوودا کێبڵێ یەکێک لە ستوونەکان لە ماڵێك كەوت ماڵەکە ئاگری گرت و بە تەواوی سووتا.

فەرمانگەی كارەبا چی دەڵێت؟

964 گرفتی ئەو ماڵانەی گەیاندە فەرمانگەی کارەبای خورماتوو، بەڕێوەبەری فەرمانگە فازڵ عەباس وتی، زیاتر لە 30 ساڵە ئەو ستوونانە لە ناو ئەو کۆڵان و ماڵەكانن، بەشێکی خانووەکان بە زیادەڕۆ هێنراونەتە پێشەوە و ئەوان ئامادەنین ئەو ستوونانە لە شوێنی خۆی لاببەن.

وتیشی، ئەو بابەتە لەسەر بەرپرسیاریەتیی ئەواندا نییە و ئەو ماڵانە دەتوانن لەسەر ئەرک خۆیان ستوونەکان ببەنە دەرەوەی ماڵەکانیان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کێشەیەکی نادیار روویداوە؛ دوزخورماتوو رووناکی کارەبا...

کێشەیەکی نادیار روویداوە؛ دوزخورماتوو رووناکی کارەبای تێدا نییە