خەڵکی قەزای بەردەڕەشە
عومرەکارێکی كوردە لە مەککە گیانی لەدەست دا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
عومرەکارێکی خەڵکی قەزای بەردەڕەش لە شاری مەککە گیانی لەدەست دا، لە چەند کاتژمێرێکی داهاتووشدا هەر لە شاری مەککە بەخاک دەسپێردرێت.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025 لە شاری مەککە لە سعودیە، عومرەکارێک بە ناوی “حەجی زەینەل” گیانی لەدەست دا، كە تەمەنی نێوان 60 بۆ 70ساڵانە و خەڵکی قەزای بەردەڕەشە، كە بە گوێرەی زانیارییەكان باری تەندروستی تێکچووە پێش ئەوەی گیان لەدەستبدات.
عەبدوڵا بەندی، لە بەشی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە دهۆک بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لەلایەن کومپانیایەکەوە ئاگادارکراینەوە، کە عومرەکارێک بەناوی ” حەجی زەینەل ” لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە شاری مەککە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی ، تائێستا ئاگادارنەکراینەوە ئایا بەهۆی جەڵتە گیانی لەدەستداوە یان نا، چونکە ئەنجامی پزیشکی داد دەرنەچووە، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان تەرمەکەی لە شاری مەککە بەخاک دەسپێردرێت.
“دووەم عومرەکارە ئەمساڵ لە وەرزی عومرە گیان لەدەستبدات، بەڵام یەکەم عومرەکارە لە ئەمساڵ لە شاری مەککە گیانی لەدەستبدات لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک “عەبدوڵا بەندی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا