ئەی ماوەی خزمەت؟

وەزارەتی دارایی تەمەنی خانەنشین بوونی لە 60 ساڵی جێگیرکرد

964+
ئەحمەد مستەفا

بە فەڕمی، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵیدا جێگیرکرد، لە نوسراوێکی چوار لاپەڕەیدا بڕیاری ئەوە روون دەکاتەوە، کە پاش 25 ساڵ چۆن فەرمانبەر خانەنشین دەکرێ.

بڕیارەکە پشت بەسە بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، بڕیاری ئەوەی تێدایە، کە فەرمانبەر بە ساڵ و رۆژ تەمەنی 60 ساڵی تەواو کرد، دەبێ دەستبەجێ رەوانەی خانەنشینی بکرێ.

مامۆستایانی زانکۆ، بەپلەی پڕۆفیسۆرو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، پزیشکانی دادوەری، پزیشکانی سڕکردن، پزیشکانی دەروونی، راوێژکاران و راوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجومەنی شورا، فڕۆکەوانانی مەدەنی کە کاردەکەن وەکو کاپتنی فڕۆکە بە شێوەی کرداری و لەکاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنیان هەیە ناکەونە چوارچێوەی بڕیارەکەوە.

دەربارەی، ئەو فەرمانبەرەی کە خۆی خواستی خانەنشین کردنی هەیە، بڕیارەکە روونی دەکاتەوە، دەبێت فەرمانبەر تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و پێش 3.7.2024 مامەڵەی خانەنشینبوونی کردبێت، بەڵام لە ئێستا بەدواوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9 ساڵی 2014 پیادە دەکرێت و پێویستە فەرمانبەر تەمەنی 50 ساڵ بێت و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت.

تەمەنی خانەنشینیی یاسایی بۆ بەشێک لە فەرمانبەران دەبێت بە 65 ساڵ، ئەوانیش، ئەو فەرمانبەرەی بەپێی حوکمەکانی یاسای فەسڵکراوانی سیاسی ئیتیحادی ژمارە 24ی ساڵی 2005ی هەموارکراو گەڕێندراونەتەوە بۆسەر راژە، یان ئەو فەرمانبەرەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، هەروەها ئەو فەرمانبەرەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراوە و راگیراوی سیاسیی کوردستانی ژمارە 11ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەیگرێتەوە.

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی؛