لە بێئاویى رزگاریان بوو
ئاوى سیروان گەیەنرایە چوار گوندى گەرمیان
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاوى دەورووبەرى گەرمیانەوە، ئاوى خواردنەوە لە رێگەى رووبارى سیروانەوە گەیەنرایە چوار گوندى سنوورى گەرمیان و لە بێئاویى رزگاریان بوو.
هەریەک لە گوندەکانى (ژاڵەى سەفەر، سەید خەلیل خەلیفەـ زەماوەنگە، گەرمکى حاجى عەلى)، لە رووبارى سیروانەوە ئاویان بۆ دابینکراوە.
نەوزاد حەمید، بەڕێوەبەرى ئاوى دەورووبەرى گەرمیان بە 964ـى وت،” گەیاندنى ئاو لە رووبارى سیروانەوە بۆ ئەو گوندانە 350 ملیۆن دینارى تێچووە و چوار گوندى دیکەش ئێستا لە پڕۆژەدان بۆ ئەوەى بە هەمان شێوە لە سیروانەوە ئاویان پێ بگەیەنین”.
وەک باسى دەکات، ئەو گوندانە کێشەى کەمئاویان نامێنێت بە تایبەت لە وەرزى هاویندا.
ئاشکراشى کرد، 95%ـى گوندەکانى گەرمیان کێشەى کەمئاویان نییە و ئەوەشى کێشەى هەیە هەوڵ دەدەن بۆیان چارەسەر بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح