بڕیارى یەکێتى زانایانە
“سەگە بێلانەکان لەناو دەبرێن”
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
یەکێتی زانایانی پارێزگای دهۆک رەزامەندیان پیشانداوە بۆ لەناوبردنى سەگە بێلانەکان، ئەوەش دواى ئەوەى لە ماوەى رابردوو ببونە مەترسى لەسەر چەند هاوڵاتییەک، ئاژەڵدۆستانى شارەکەش دەڵێن، ئاگادار نین.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.1.2025، جیهاد بێسکفى سەرۆکى یەکێتى زانایان لقى دهۆک، لەبارەى رەزامەندیدانى لقەکەیان بۆ لەناوبردنى سەگى بێلانە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دواى زیادبوونى ژمارەیەکى زۆر سەگى بێلانە لە زانکۆى دهۆک و بەشە ناوخۆییەکان و گەڕەکەکان و پەلاماردانى چەند کەسێک، بۆیە بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتى زانکۆ و کۆلێژى زانستە ئیسلامییەکان، لقى دهۆکى یەکێتى زانایان رەزامەندیدا بە لەناوبردنى سەگى بێلانە”.
وەک باسى دەکات، رەزامەندیدانەکە بۆ ئەوەنییە هەرکەس راستبووەوە سەگ بکوژێت، بەڵکو پێویستە بە رێگاى زانستى و لیژنەکانى ڤێرتەرنەرى بە رێگاى خۆیان بە ئەرکەکە هەڵبستن.
رونیشى کردەوەـ لە ئیسلامدا رێگەدراوە ئەگەر سەگ و ئاژەڵەکان زیانیان بە هاوڵاتیان گەیاند، لەناو ببرێن یان لە رێگەى دورخستنەوەیان کاریگەرى پەلامار و زیانەکانیان نەهێڵین.
بەپێی ئامارێکی ساڵی 2024ـە رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان کە 964 وەریگرتووە ، زیاتر لە 13 هەزار سەگی بێلانە لە پارێزگای دهۆک هەیە.
لاى خۆیەوە، سلێمان تەمەر، سەرۆکى رێکخراوى کوردستان بۆ پاراستنى مافى ئاژەڵان بە 964ـى وت،”تائێستا لەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە یەکێتى زانایان بڕیارێکى لەو شێوەیەیان دابێت، لە کاتێکدا ئەو بابەتە تەواو زانستى و ویژدانییە و ناکرێت لەخۆیەوە بڕیارى بۆ دەربچێت”.
بە وتەى تەمەر، کۆکردنەوەى سەگە بێلانەکان لە شەڵتەرێکدا یان خەساندنیان رێگایەکى زانستییە و پێویستە بگیرێتەبەر، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هیچ چارەسەرێک نەما ئەوا دەکرێت بە رێگاى پێدانى دەرمان لە ناو ببرێن، نەک رێگاى توندوتیژانە.
ئاشکراشى کرد، ئەو شێڵتەرەى بۆ ئاژەڵانى بێلانە دروست دەکرێت، 95%ـى کارەکانى تەواو بووە و لەسەر رووبەرى 11 هەزار مەتر دوجا لە دهۆک دروست دەکرێت،
پێداچوونەوە: وریا فەتاح