وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا بەڕێکەوت

964+
هێرۆ مەولودی

کەمێک لەمەوبەر، دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیر و شاندێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە رێگەی زاخۆوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە چارەسەری هەزاران برینداری بومەلەرزەکەی ئەم سەرلەبەیانیە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 تورکیا و باکوری کوردستان، هەروەها سوریا و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، کە تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەس بریندار بوون.

 دکتۆر سامان بەرزنجی وەیزی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لەگەڵ 25 تیمی فریاگوزاری و نزیکەی 25 ئامبوڵانس لەگەڵ خۆی دەبات بەرەو ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی کوردستان.

هاوکات، تیمێکی 50 کەسی بۆ فریاگوزاری و چەندین ئامبوڵانس لە لایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بە سەرپەرشتی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگاکە بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتی مرۆیی لەگەڵ ئەو تیمە تەندروستیە بەرەو تورکیا و سوریا بەڕێکەوتن.
بڕیاروایە هەر دوو تیمەکە لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل وردەکاری زیاتر دەربارەی هاوکارییەکانی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان رابگەیەنن.