دیمەنێک لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق _ وێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەڕلەمان
لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر هەموارەکەدا
هەناردەی نەوتەکەی هەرێم چاوەڕێی دەست و دڵی چوارچێوەی هەماهەنگییە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق، دەنگدرا بە پرۆژە هەمواری یاسای بودجە “مادەی دوانزە/ دووەم/ ج” تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەڕلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەوەش دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە 964ی وت، لە کۆبوونەوەی پەڕلەمان هەمووشت روودەدات، بەڵام لەگەڵ فراکسیۆنی سونەکان هەماهەنگی هەیە و ئەگەر لەچوارچێوەی هەماهەنگی “فراکسیۆنە شیعەکان” کە پێکهێنەری حکومەتن بڕیاری ئەرێنی بێت، ئەوە ئەمڕۆ پەڕلەمان دەنگ لەسەر هەموارەکە دەدات و تێدەپەڕێت.
بەپێی هەموارەکە، بڕی 16 دۆلار، بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێمی کوردستان، بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر “کە لەماوەی 60 رۆژ دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا” خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.