سبەی ترەمپ دەستبەکار دەبێت

کاپیتۆل، باڵەخانەی کۆنگرێس و چاودێری ئەمریکایە

964+

ژووری هەواڵ

بە شکۆترین و بەرزترین باڵەخانەیە لەسەر ئاستی واشنتنی پایتەخت، ئێرە باڵەخانەی (کاپیتۆل)ە، شوێنی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری لە ئەمریکا، ئەو باڵەخانەیەی تیایدا چارەنووسی بەشێکی گرنگی دنیا دیاری دەکرێت.

کاپیتۆل، باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکایە، هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا لێرە لەم بینایە کۆدەبنەوە هەر لێرەش بڕیار دەدەن.

یەکەم هەنگاوی هەر سەرۆکێکی ئەمریکا لێرەوە دەست پێدەکات، سەرۆک لەبەردەم باڵەخانەی کاپیتۆلدا روو لە (ناشناڵ مۆڵ)و بە ئاڕاستەی پەیکەرەکەی لینکۆڵن دەست هەڵدەبرێت و سوێند دەخوات کە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەمانەت پارێز بێت و لە خەمی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بێت.

ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لەناو بینای کاپیتۆلەوە دەست پێدەکات، چونکە بەهۆی خراپی کەشوهەواو مەترسی ئاسایشەوە ناتوانێت لە شوێنە باوەکەی جاران سوێند بخوات و وتاری سەرۆکایەتی دەست پێبکات.

باڵەخانەی کاپیتۆل لە واشنتنی پایتەخت دەکەوێتە سەر گردۆڵکەیەک لە پێی دەڵێن (کاپیتۆل هیل) و دەکەوێتە بەری خۆرهەڵاتی ناشناڵ مۆڵ، جۆرج واشنتن یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا ئەو شوێنە ببێتە شوێنی باڵەخانەکە.

ئەو ناوچەیەی باڵەخانەی کۆنگرێسی تێدایە کۆنترین و گەورەترین ناوەندەی نیشتەجێبوونە لە واشنتنی پایتەخت، چونکە لە رووبەرێکی سێ کیلۆمەتریدا 35 هەزار کەس هەن، لێرە باڵەخانەکانی دادگای باڵاو ئۆفیسەکانی کۆنگرێس و ناوەندەکانی مارێنزو گۆڕستانی کۆنگرێس پێکەوە کۆبوونەتەوە.

باڵەخانەی کاپیتۆل بەرزییەکەی بە گومەزەکەیەوە دەگاتە 88 مەتر، قەدەغەکراوە لە واشنتنی پایتەخت هیچ باڵەخانەیەک دروست بکرێت کە لە کۆنگرێس بەرزتر بێت، لەسەر ئەو بنەمایەی نابێت هیچ ناوەندێک لەسەرو دەسەڵاتی گەلەوە بێت.

لە 18ی سێپتەمبەری 1793 دەستکراوە بە دروستکردنی باڵەخانەی کاپیتۆل، هەرچەندە لە مانگی نۆڤەمبەری 1800 کراوەتەوە، بەڵام تا گەیشتووە بەم شێوەیەی ئێستا نزیکەی حەفتا ساڵی ویستووە.

باڵەخانەی کاپیتۆل تەنیا بارەگای کۆنگرێس نییە، بەڵکو بووەتە هێمای شکۆو دەسەڵاتی ئەمریکا، لە دیوی ناوەوەی باڵەخانەکە حیساب بۆ هەموو وردەکارییەک کراوە.

لە هۆڵە سەرەکییەکانیدا پەیکەری سەرۆکەکانی ئەمریکاو کەسایەتییە مێژووییەکانی ویلایەتەکان و شاکارە هونەرییە گەورەکان کۆکراونەتەوەو ئەو مێژوو نوسراوەتەوە کە ئەمریکای بەئەمڕۆ گەیاندووە.

ئەو هۆڵە دێرینانەی بڕیارە گرنگە مێژووییەکانی ئەمریکایان تیا دەرچووە، بەهەموو وردەکارییەکەوە وەک خۆیان هێڵدراونەتەوە دەستکاری نەکراون.

ساڵانە نزیکە پێنج ملیۆن کەس سەردانی کاپیتۆل دەکەن، بۆ ئەوانەی دەچنە ژوورەوە رەنگە ئێرە سەرنجڕاکێشترین خاڵی باڵەخانەکە بێت، چونکە ئەم خاڵە رێک چەقی کاپیتۆل و چەقی هەموو واشنتنە، هەر کەسێک خۆی دەگەیەنێتە ئێرە دەیەوێت پێیەک رێک لە ناوەندی پایتەختە گەورەکەی جیهاندا دابنێ.

لە سەردەمی جۆرج واشنتندا پێشنیار کراوە پاش کۆچی دوایی، تەرمەکەی یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لێرە و لەم چەقەدا بە خاک بسپێردرێت، بەڵام جۆرج واشنتن خۆی ئەمەی رەتکردووەتەوە.

بینای کاپیتۆل چەند رووداوێکی مێژوویی بەسەردا هاتووە، دیارترینیان ئەوەی ساڵی 1814یە کاتێک بەریتانیییەکان پایتەختیان گرت و باڵەخانەکەیان سوتاند، هەرچەندە بارانی بەخوڕ لە دوا ساتەکاندا فریای کەوت و بەشێکی زۆری ئاگرەکەی کوژاندەوە.

بەڵام بۆ ئەمریکییەکان رەنگە بە ئازارترین هێرش ئەوەی 6ی کانوونی دووەمی 2021 بێت کاتێک دژی بردنەوەی بایدن هەزاران لایەنگری ترەمپ پەلاماری کاپیتۆلیانداو چوونە ژوورەوە، لەناو باڵەخانەکە دەنگی تەقە بیستراو کوژراویش هەبوو.

ئێستا ئەمە هەمان ئەو باڵەخانەیەیە کە لایەنگرانی ترەمپ پەلاماریاندا، بەڵام دوای چوار ساڵ هەمان ئەو لایەنگرانە چاویان چووتەوە سەر باڵەخانەکە، چونکە لەوێ سەرۆکە دڵخوازەکەیان سوێند دەخوات و بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەمریکاو جیهان بەڕێوەدەبات.

ئەمریکا 500 هەزار دۆلار بۆ شوێنەوارەکانی عێراق و هەرێم د...

ئەمریکا 500 هەزار دۆلار بۆ شوێنەوارەکانی عێراق و هەرێم دەبەخشێت