دیمه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى رزگارى هه‌ولێر كه له سۆشیاڵ میدیاكه‌یان وه‌رگیراوه.
پشکنینی خوێنیش بۆ زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س كراوه
زیاتر له 17 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌ری جۆراوجۆر له نه‌خۆشخانه‌ى رزگارى هه‌ولێر ئه‌نجامدراون
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
نه‌خۆشخانه‌ى فێركارى رزگارى له هه‌ولێر ده‌ڵێت، له ساڵى پاردا زیاتر له 17 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌رى جۆراوجۆر بۆ هاوڵاتیان ئه‌نجامدراون و زیاتر له 204 هه‌زار هاوڵاتیش سه‌ردانى به‌شی راوێژكارییه‌كانیان كردووه.
نه‌خۆشخانه‌كه، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئاماری كار و چالاكییه‌كانى بۆ ساڵى 2024 بڵاوكردووه‌ته‌وه و جگه له‌و 204 هه‌زار 57 هاوڵاتیه‌ى سه‌ردانى كردوون، ژماره‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له نه‌خۆشخانه‌كه خه‌وێندراون كه بریتی بووه له 26 هه‌زار و 725 نه‌خۆش.
سه‌باره‌ت به پشكنینه‌كانیش 56 هه‌زار و 140 هاوڵاتی سۆناریان بۆ كراوه، 142 هه‌زار و 150 هاوڵاتی وێنەگرتنی تیشکی ئاسایی و هه‌شت هه‌زار و 818 كه‌س وێنەگرتنی تیشکی (MRI) و حه‌وت هه‌زار و 537 ئیكۆى دڵیش بۆ نه‌خۆشان ئه‌نجامدراوه.
ئەنجامدانی نەشتەرگەری گشتی بریتی بووه لە 17 هه‌زار و 248 نەشتەرگەری، بۆ چاندنى گورچیله‌ش 28 نه‌شته‌رگه‌ریی ئه‌نجامدراون.
پشکنینی خوێن لە تاقیگە یه‌ك ملیۆن و 278 هه‌زار و 441 بووە و ئه‌وانه‌ى سه‌ردانى به‌شى چاره‌سه‌رى سروشتیشیان كردووه 25 هه‌زار و 151 هاوڵاتی و چاره‌سه‌رى كیمیاویش 36 هه‌زار و 440 نه‌خۆش بووه.
هه‌ر به‌پێی ئه‌م ئاماره له ساڵى رابردوو 411 هاوڵاتی له‌و نه‌خۆشخانه گیانیان له‌ده‌ستداوه و ئه‌وانه‌ى هێڵكارى دڵیشیان بۆ كراوه بریتی بووه له پێنج هه‌زار و 780 كه‌س.