بارگرانی لەسەر شانی خاوەن پرسە کەم دەکەنەوە
دانیشتووانی 92 گوند پێکەوە بڕیاریاندا چیدی خواردن لەکاتی پرسەدا ئامادە نەکەن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، لەکاتی پرسەدا خەڵكێکی زۆر کۆدەبێتەوە و ئەوەش جگە لە لایەنە باشەکەی و دەربڕینی هاوخەمی و دڵنەوایی، بارگرانیش بۆ خاوەن پرسە دروست دەکات، بۆیە دانیشتووانی 92 گوندی سنوری شێلادزێ پێکەوە بڕیاریاندا کەمێک لەو بارگرانییە کەم بکەنەوە و ئامادەکردنی خواردن لە کاتی پرسەدا قەدەغە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025 لە ناحیەی شێلادزێـی سەربە قەزای ئامێدی، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری موختار و ئەنجومەنی 92 گوندی سنوورەکە و ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەوقافی ئامێدی ئەنجامدرا و بڕیاریاندا ئامادەکردنی خواردن لە کاتی پرسەکان قەدەغە بکرێت، داواشیان کرد، هەموو گوندەکانی پارێزگای دهۆک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.
میقداد رێکانی موختاری گوندی سیتە بە 964ـی وت، “ئامادەکردەنی خواردن لە پرسەکاندا، خەرج و تێچوویەکی زۆری دەوێ و بارگرانی زۆر بۆ خاوەن پرسە دروست دەکات، ئەوەش لە ئایینی ئیسلامدا ناشەرعیە و جاییز نییە”.
“پێشتر لە پرسەکاندا خواردن بۆ چوار ژەم ئامادە دەکرا، ئەمڕۆ کردمان بە یەک ژەم و تەنیا بۆ ژەمی ئێوارە، خواردن بۆ کەسوکار و کەسە نزیکەکانی خاوەن پرسە ئامادە دەکرێت”، میقداد رێکانی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لەکاتی پرسەکاندا نزیکەی نۆ بۆ شەش ملیۆن دیناریان خەرج دەکرد، بەڵام بەو بڕیاری ئەمڕۆ، هەر پرسەیەک کەمتر لە دوو ملیۆن دینار، تێچووی دەبێت.
نزیکەی دوو هەفتەیە دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و دەیانەوێ ئامادەکردنی خواردن لە پرسەکان قەدەغە بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری