"مەترسی بۆ سەر گیان و ماڵمان دروست بووە"
جارێکی تر رێگای تەقتەق – ئاشتی بەڕووی بارهەڵگرەکان داخرا
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ئەمشەو دووشەممە 2025.1.13، هاوڵاتیانی گوندی سەرکەڵەکی قەزای تەقتەق، جارێکی تر رێگای سەرەکی تەقتەق بۆ ئاشتـیان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخست، دوای ئەوەی دوێنێ مۆڵەتی یەک رۆژیان دا بە حکومەت بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە.
هاوکار لوقمان، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سەرکەڵەک، بە 964ـی وت، “دوێنێ مۆڵەتی یەک رۆژمان دا بە حکومەت تاوەکو چارەسەری هاتوچۆی ئەو بارهەڵگرانە بکات، بەڵام تائێستا کەس نەهاتووە بەدەم داواکارییەکانمانەوە، بۆیە رێگاکە دەگرین تا ئەو کاتەی چارەسەرێک دەدۆزنەوە”.
“هاتنی ئەو هەموو بارهەڵگرە بە رۆژ و شەو، مەترسیی تەواوی بۆ سەر گیان و ماڵمان دروست کردووە، جگە لەوەی دەنگ و تەپوتۆزی تایەکانیان تەواوی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەی بێزار کردووە”، هاوکار لوقمان وای وت.
تائێستا هیچ بەرپرسێک و لایەنێکی حکومی دەربارەی کێشەی هاتوچۆی ئەو بارهەڵگرانە نەهاتووەتە سەرخەت و وەڵامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانیان نەداوەتەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری