شەش رۆژە رێگاى چوارقوڕنە – دوکانیان داخستووە

خوانى نیوەڕۆى خۆپیشاندەران

964+

وریا فەتاح

ماوەى شەش رۆژە خۆپیشاندەرانى خەلەکان و گوندەکانى دەورووبەرى لە کانى وەتمان گردبوونەتەوە و رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانیان داخستووە، هەر لەوێش سێ ژەمە خواردن ئامادە دەکەن.

سێ ژمە لەوێ خواردن دروست دەکەن و شەوانەش دەمێننەوە

دابان محەمەد، چالاکوانێکى ناوچەکەیە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” ماوەى شەش رۆژە رێگەکە داخراوە، ئەوە چەندین جارە گردبوونەوە دەکەین و داواى تەواوکردنى رێگاکە دەکەین”.

خۆپیشاندەران لە گوندى کانى وەتمان گردبوونەتەوە، هەر لەوێش خواردن ئامادە دەکەن و نان دەخۆن و ناچەنەوە بۆ ماڵەوە، وەک ئەوەى بۆ 964 باسیان کردووە، ئەمجارە تا وڵامێکى دروست وەرنەگرن، چۆڵى ناکەن.

ئەو رێگایەى خۆپیشاندەران دایانخستووە، یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکان لە هەرێمى کوردستان، ئیدارەى راپەڕین و سۆران و بەشێکى هەولێر بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”شەش رۆژە هاوڵاتیان گردبوونەتەوە و کەس بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە، ئەوانیش ناحەقیان نییە و خەڵکى ئەو سنوورە قوربانى دەستى خراپى ئەو رێگەیەن، چەندین جارە داوا دەکەن، بەڵام پڕۆژەکە هەر تەواو نەکراوە”.

“رۆژانە 250 خۆپیشاندەر لەوێ دەمێننەوە و شەوانەش کراوە بەسەرە و 25 بۆ 30 کەسى گوندێک یان دوو گوند دەمێننەوە، هەرسێ ژەمەکە خواردن ئامادە دەکرێت”، دابان محەمەد واى وت.

پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟

یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژە گرنگەگانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.

دانیشتوانى قەڵادزێ و رانیە لێیان قەوما

دانیشتوانى قەڵادزێ و رانیە لێیان قەوما