سەیدسادق.. لە نۆرەبڕی نەوتە بەلاشەکە شەش کەس بریندار بوون
+964
محمد عومەر – سەیدسادق
نەوتە بەلاشەکە گەیشتە سەیدسادق، بەڵام لە دابەشکردنەکەی ئاڵۆزی دروستبوو بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەممە پێنجی شوبات، لە کاتی دابەشکردنی نەوتە بەلاشەکە لە قەزای سەیدسادق، گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار دەبن.
ئەحمەد محەمەد، سەرپەرشتیاری لیژنەی سووتەمەنی لە قەزای سەیدسادق بە تۆڕی964ـی راگەیاند: پلانی دابەشکردنی یەک ملیۆن لیترەکە ئەوەبوو کە بەسەر چوار گەڕەکی سەرەکی سەیدسادق دابەش بکرێت، ئەوانیش گەڕەکەکانی شێخان، حەسار، بەرکێو، سەرا.
پەیامنێری تۆڕی964 لە سەیدسادق دەڵێ، لە گەڕەکی حەسار، بێ گرفت نەوتەکە دابەشکرا، بەڵام لە گەڕەکەکانی دیکە هاوڵاتیان نۆرەبڕیان کرد، بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
سەرپەرشتیاری لیژنەی سووتەمەنی سەیدسادق، روونیکردەوە کە بە بۆکس و خەنجەر و دار لە یەکتریاندا، بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.
زیاتر وتی “لەو شەش بریندارە، تەنیا یەکێکیان برینەکەی سەخت بوو، ئەویش رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت کرا”.
بەهۆی شەڕەکەوە، دابەشکردنی نەوتەکە وەستاوە و بڕیارە سبەی دەست بە دابەشکردنەوەی بکرێت.
بە قسەی سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی سەیدسادق بێت، دانیشتووانی قەزایەکە زیاتر لە 20 هەزار خێزانە، ئەگەر هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێ بدرێت، ئەوا پێویستی بە پێنج ملیۆن لیتر نەوت هەیە.