کەلار دەبێتە شاری ئایندە
شەقامی 100 و 120 مەتری بۆ دروست دەکرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شارەوانی قەزای کەلار، دروشمی “کەلار شاری ئایندە”ـی ھەڵگرتووە، بەرپرسی بەشی پرۆژەکانی شارەوانیش دەڵێت، کار بۆ بەدیھێنانی ئەو دروشمە دەکەین، پلانمان بۆ دروستکردنی شەقامی 100 و 120 مەتریش داناوە.
دلێر حوسێن، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ـى وت،”راستە ھەڵگرتنی ئەو دروشمە قورسە و کاری ئەوێت، بەڵام شارەوانی کەلار لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، پلانی تەواوی ھەیە قەزاکە بکات بە شاری داھاتوو، چەندین پڕۆژەی تازە ئەنجام بدات”.
“وتیشی، قەزای کەلار بەھۆی نزیکی لە رووباری سیروان و جموجۆڵی بازرگانیەوە، فراوانبوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بۆ داھاتوو فراوانتریش دەبێت، ئێمەش لە ئێستاوە پلانمان بۆی ھەیە، نەخشەی چەندین جێگای بازرگانی و پیشەسازیمان دیاریکردووە لەگەڵ فراوانبوونی شار ئەنجام دەدرێن”.
ئاماژەی بەوەکرد، تەواوبوونی کۆرنیشی سەر رووباری سیروان، ھەنگاوێکی باش کەلار ئەباتە پێشەوە، لەڕووی رێگە و بانیشەوە کار لە سایدی دووەمی شەقامی 60 مەتری دەکرێت، جێگامان بۆ شەقامی 100 مەتری دیاریکردووە و دیزاینەکەی ماوە، دوای ئەوەش نۆرەی شەقامی 120 مەتری دێت”.
“راستە قەزای کەلار ماستەر پلانی نیە، بەڵام بە دیراسە و راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ شار فراوان کراوە، کارەکانی ماستەر پلانیش لە کۆتایی نزیک بووەتەوە و ھەندێک رێکاری کەمی ماوە”. دلێر حوسێن وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر