لەسەر رێگای هەولێر – مەخمور

تانکەرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا

شۆڕش قادری

لەسەر رێگای نێوان هەولێر – مەخمور تانکەرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا، چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر لەسەر رێگای نێوان هەولێر – مەخمور و لە نزیک گوندی قۆریتان، تانکەرێک لە رێگای گوندی شێراوە هاتووەتە سەر رێگا سەرەکییەکە و لە کاتی سووڕانەوەدا وەرگەڕاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تانکەرەکە کەوتووە بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا کە چوار کەسی تێدابووە، بەهۆی رووداوەکەش ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگاکە دروستبووە و قەرەباڵغی و جەنجاڵی زۆری دروستکردووە.

ئەو شایەتحاڵە وتیشی، لە رووداوەکەدا شۆفێری تانکەرەکە گیانی لەدەستداوە و سەرنشینانی ناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەش بریندار بوون.

موقەدەم عەفان ئەسعەد ئەفسەری هێڵکاری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی رێگاوبانی دەرەوەی هەولێر، هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “شوفێری بارهەڵگرەکە بەڕەچەڵەک عەرەبە و بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر کراون”.

ئەوەشی خستەڕوو، بارهەڵگرەکە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گازی LPG بووە بۆ بەنزینخانەکان.