موچەی مانگی 11

موچەى مامۆستایانى گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت

964+

ژووری هەواڵ

رۆژی سێشەممە، موچەى مامۆستایانى گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەس ت دەڵێت، بڕیارە دواى دابەشکردنى موچەى مانگى 11 موچە دواخراوەکانى حەوت و هەشتی پەروەردەکانى هەولێر و دهۆک دابەشبکرێت.

کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە 964ـی راگەیاند، سبەى موچەى مانگى 11 دەکرێتە چەک و رۆژى سێشەممە، 7.1.2025 موچەى مامۆستایانى گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.

وتیشى، بڕیارە دوای دابەشکردنی موچەی مانگی 11 لەهەفتەی داهاتوودا موچەى مانگەکانى حەوت و هەشتی ساڵى رابردووى مامۆستایانى گرێبەست کە ئەوکات وانەبێژبوون، لە سنوورى هەولێر و دهۆک دابەشبکرێت کە لە سنووری پەروەردەی سلێمانی بەر لەسەری ساڵ دابەشکراوە.

شایستەی مانگانەى وانەبێژان پێش بەگرێبەستبوونیان لەنێوان 250 بۆ 400 هەزار دینار بوو، کە کۆی گشتیی خەرجیى یەک مانگ زیاتر لە 13 ملیار دینارە.

رۆژى 25ـی ئابى 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا مامۆستایانى وانەبێژ بکات بە گرێبەست، رۆژى 26ـی ئەیلولى 2024 وەزیرى پەروەردە واژۆى لەسەر بەگرێبەستکردنى 37 هەزار و 933 مامۆستاى وانەبێژ کرد، لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە 1ـى ئەیلولى ئەمساڵەوە.

"لە دوو رۆژى داهاتوودا مامۆستایانى گرێبەست موچە وەردەگرن"