" ئەوان شانازیمانن"
سەرۆكی پەرلەمان بۆ حەشدی شەعبی: بە دڵی ئێوە بڕیار دەدەین
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەندامانی حەشدی شەعبی دڵنیادەكاتەوە بە دڵی ئەوان بڕیار لە یاسای هێزەكەیان دەدەن.
مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 5.1.2025 لە رێورەسمێكی ماتەمینی لە بەغدا لە وتارێكدا، كە 964 بینیویەتی، رووی دەمی لە ئەندام و بەرپرسانی دەستەی حەشدی شەعبی كرد و وتی، “لە دەسەڵاتی یاسادان پاڵپشتیی هەر یاسا و بڕیارێك دەكەین، كە داوامان لێبكات هێزە چەكدارەكان زیاتر یەكانگیربن، چونكە ئەوان شانازیمانن و بۆ پاراستنی وڵات و سەروەرییەكەی پشتی پێدەبەستین”.
وتیشی، “رۆڵەكانمان لە حەشدی شەعبی دڵنیا دەكەینەوە، ئێمە بڕیار لەو یاسایە دەدەین، كە خزمەتی ئەوان بكات، چونكە ستراتیژیەتی ئێمە لە بڕیاردان ئەوەیە ئەو یاسایانە دەربكەین، كە خزمەتی هەر كەرت و بەشێك بكات”.
“زۆرێك لە برایان لە حەشدی شەعبی داوایان لێكردووین بڕیار لە یاسای تایبەت بە ئەوان بدەین، بۆیە پێیان دەڵێن، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئامادەین یاسای حەشدی پەسند بكەین، چونكە هەست دەكەین ئەو حەشدە شكۆدارە قوربانی زۆر لە شەڕەكانی دژی دوژمن داوە، بۆیە كەمترین شت كە بۆیان بكەین پەسندكردنی یاساكەیانە”، ئەمەش بەشێكە لە قسەكانی مەشهەدانی.
یاسای “خزمەت و خانەنشینی ئەندامانی حەشدی شەعبی” هێشتا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو حەشد خۆی داوای كشانەوەی یاساكەی لە پەرلەمان كرد، بۆ ئەوەی هەمواری بكەنەوە.
پێشتر لە 2016 یاسای دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان پەسند كراوە و وەك هێزێكی سەربازی و نیشتمانی و پاڵپشتی سوپای عێراق ناسێندراوە و بە دەسەڵاتەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەستراوەتەوە، كە سەرۆكی وەزیرانی عێراق فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە.
لەگەڵ ئەوەشدا حەشدی شەعبی نوێنەرایەتی هێزە شیعییەكانی عێراق دەكات و فەرماندە و سەرباز و ئەندامەكانیان سەر بەو مەزهەبەن.