"فەرمی نییە و داوا دەکرێت شۆفێران هاوکار بن"
پردەکەی گەلی عەلی بەگ بەڕووی شۆفێران کرایەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
دوای نزیکەی 10 رۆژ کارکردن لە پردەکەی زارگەلی لە گەلی عەلی بەگ، ئەمڕۆ پردەکە بەڕووی شۆفێران کرایەوە و هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر پردەکە دەستی پێکردەوە.
پەیامنێری 964 رایگەیاند، تائێستا ئیدارەی سۆران بە فەرمی راینەگەیاندووە کە پردەکە بە فەرمی کراوەتەوە، بەڵام شۆفێران هاتوچۆی بەسەردا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی چاککردنەوەی پردەکە داوە دەکەن شۆفێران هاوکاریان بن و تادەتوانن جارێ ئەو رێگایە بەکارنەهێنن تاوەکو کارەکانیان تەواو دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27.12.2024 بارهەڵگرێک کە بە ئاراستەی سۆران دەهات، خۆی کێشا بە پردەكەی رێگای گەلی عەلی بەگ، بەهۆیەوە بەشێکی پردەکە تێکشکا و هاتوچۆش لەسەر پردەکە راگیرا، دواتر تیمەکانی رێگاوبانی سۆران کەوتنەخۆ و بەجەک و کرێن پردەکەیان راست کردەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری