ئیدارەى خۆسەرى پەیامێکى بۆ رایگشتى بڵاوکردەوە
“تورکیا ژێرخانى رۆژئاواى کوردستان بە ئامانج دەگرێت و کار بۆ گەڕانەوەى داعش دەکات”
964+
وریا فەتاح
ئیدارەی خۆسەرى دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ تورکیا و”گروپە بەکرێگیراوەکان”ـى، ژێرخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزاریییەکان رۆژئاواى کوردستان بە ئامانج دەگرن، دەشڵێت: نابێت بێ دەنگى لێبکرێت و بەبێ سزا بۆى دەربچن.
بەپێى ئەو پەیامەبێت کە ئاراستەى رایگشى کراوە، ئیدارەى خۆسەر دەڵێت، دەوڵەتى تورکیا و گروپەکانى بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ژێرخانەکان و تێکدانى ناوەندە خزمەتگوزارییەکانى خەڵم لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا.
وەک باسى دەکات، ئامانجى تورکیا هەمان ئامانجى پێشویەتى بۆ بڵاوکردنەوەى ئاژاوە و ناردنى پەیامى راستەوخۆیە بۆ پشتیوانى لە گروپە تیرۆریستییەکان کە دیارترینیان گروپى داعشە و تورکیا پشتگیریان دەکات بۆ گەڕانەوە و زیندوو کردنەوەیان.
“هێرشەکانى ئەم دواییانەى بەنداوى تشرین و بە ئامانجگرتنى شارەوانى جەرنیە و کارگەى شەکر و ناوەندەکانى کارەبا، تاوانى روون و پێشێلکردنى هەموو پەیمان و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە”، لە پەیامەکەدا وا باسکراوە و هەروەک جەختیشکراوەتەوە کە ئەم پێشێلکاریانە بێ سزا نابێت، چونکە ئەوەى تورکیا دەیکات کارکردنە بۆ دروستکردنى قەیرانێکى سەختى مرۆیى.
ئاشکراشى کردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس حەسەکە و گوندەکانى بێبەشن لە ئاوى پاک، ئەوە جگە لەوەى هەوڵەکانى تورکیا و گروپەکانى لەسەر بەنداوى تشرین بۆ دروستکردنى قەیرانێکى سەختە کە هەڕەشەیە لەسەر سەرچاوەکانى وزە و ئاو.