تۆپی سه‌رمێزی دهۆك خۆی نوێكرده‌وه‌

964+
هێڤی دێوالی – دهۆك

هه‌ڵبژاردنی لقی دهۆكی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی عێراق ئه‌نجامدرا، هه‌ندێك كێشه‌ش له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌بوون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ـی شوبات، هه‌ڵبژاردنی لقی دهۆكی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی عێراق، له‌ هۆڵی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی و زانسته‌ پزیشكییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ئه‌نجامیشدا سێ كه‌س بۆ فیدراسیۆنه‌كه‌ هه‌ڵبژێردران، عه‌لی مسته‌فا ساڵح به‌ سه‌رۆك، فه‌رهاد ئه‌حمه‌د عادل وه‌ك جێگر و زانیار سالح حوسێن وه‌ك سكرتێر و ئه‌ندام.

مه‌حموود محه‌مه‌د ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تی دهۆكی لیژنه‌ی ئۆڵمپی، بۆ تۆڕی 964 له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ وتی، “ده‌سته‌ی گشتی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی دهۆك له‌ هه‌شت كه‌س پێكهاتوون، به‌ ئاماده‌بوونی حه‌وت كه‌س هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كرا، كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی عێراق به‌ڕێوه‌چوو”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌ره‌تا هه‌ندێك كێشه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ هه‌بوو، چونكه‌ سه‌رۆكی پێشووی فیدراسیۆنه‌كه‌ ئاماده‌نه‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش ناڕه‌زایی بوو، چونكه‌ پێیوابوو پێش هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی نوێ، پێویسته‌ ده‌سته‌ی پێشوو هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

“دوای ئاماده‌بوونی سكرتێری و ئه‌مینداری دارایی ده‌سته‌ی پێشوو، ده‌سته‌ی پێشوو هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش كرا” مه‌حموود محه‌مه‌د وای وت.

لایخۆشیه‌وه‌ عه‌لی مسته‌فا ساڵح سه‌رۆكی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی دهۆك، بۆ تۆڕی 964 دووپاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی كرده‌وه‌.

به‌پێی رێنمایی و یاساكانی هه‌ڵبژاردنی فیدراسیۆنه‌ وه‌رزشییه‌كان، هه‌ڵبژاردنی لقی فیدراسیۆنه‌ وه‌رزشییه‌كانی شاره‌كان له‌ عێراق و كوردستاندا، هه‌ر چوار ساڵێك ئه‌نجام ده‌درێت.