نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەكی كەیسی دزیی سەدە لە عێراق
دەستەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق:
“حكومەت 50 ملیار دیناری لە گەندەڵكاران وەرگرتووەتەوە”
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، حكومەتی عێراق سەركەوتووبوو لەوەی 50 ملیار دینار لەو كەسانە وەربگرێتەوە، كە گەندەڵییان كردووە لە ساڵی رابردوودا.
لیژنەكە ئەمڕۆ شەممە لە رێگەی ئەندامێكی كە عالییە نسەییفە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، حكومەت توانیویەتی 50 ملیار دینار لەو كەسانە وەربگرێتەوە، كە لە دۆسیەی گەندەڵیی سەدە تێوەگلاون لە 2024، جگە لە بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەكان و جێگری بەڕێوەبەری وەربەهێنان.
ئەندام پەرلەمانەكە هەروەها ئەوەی باس كردووە، “پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەدوای ئەو كەسانەشدا چووە كە لە بواری دۆسیەی عەقاراتدا تێوەگلاون و لە زۆربەی وەزارەت و پارێزگاكانی عێراقیشدا لیژنە پێكهێنراوە بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەی وڵات”.
عالییە نسەییف دەڵێت، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی رۆڵی گەورەی هەبووە لە پرۆسەی گێڕانەوەی ئەو بڕەپارەیە لە گەندەڵكاران.