لە بەغدا
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک بەڕێوەبەری چاکسازییەکی بە دەرکردن دا
964+
ژووری هەواڵ
بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی گیراوێک لە یەکێک لە چاکسازییەکانی بەغدا، وەزیری دادی عێراقی هێنایە سەر خەت و بووە هۆی دروخستنەوەی بەڕێوەبەری چاکسازییەکە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا زیندانییەکی چاکسازیی گەورانى شارۆچکەی تاجیی باکووری پارێزگای بەغدا، باس لە دۆخی گرتووخانەکە دەکات و هەڕەشە لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکات.
پاش دزەپێکردنى ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، وەزارەتى دادی حکومەتی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەزیر بڕیاریداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لەسەر رووداوەکە و بە تۆمەتی کەمتەرخەمیى لە کارەکەیدا، بەڕێوەبەرى گرتووخانەکەی لە کارەکەى لابردووە.
خالید شوانى، وەزیرى داد بڕیاریداوە، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر، کە کەمتەرخەم بوون بە بردنەژوورەوەى مۆبایل بۆ ناو گرتووخانەکە و جوڵاندنى سکاڵا دژى ئەوانەى هەڕەشە لە ئاسایشى دەوڵەت دەکەن.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەى بڵاوکراوەتەوە، هەڕەشەش لە بەرپرسانی حکومەت دەکات و دەڵێت، گرتوخانەکە دەکەنە شوێنى داهاتووى ئەوان، باسیش لە خواردنەکانى چاکسازییەکە و دۆخى زیندانییەکان دەکات و دەڵێت، ئەو شوێنەى ئەوان تێیدان چاکسازیی نییە.