چەند رێوڕەسمێک بەڕێوەدەبەن
وەرزی چاندن کۆتایهات؛ ئیزدییەکان جەژنی بێڵندەی بۆ دەگێڕن
964+
ئەحمەد مستەفا
کوردانی ئێزیدی ساڵ دەستپێدەکات و کۆتایی دێت، هەشت جەژن دەگێڕن، ئەمڕۆ یەکەم هەینی ساڵی نوێی 2025، جەژنی بێڵندە بەرێوەدەبەن، ئەم جەژنە یەکێکە لە جەژنە هەرە دێرینەکانی ئێزدیان بە بۆنەی تەواوبوونی وەرزی چاندن دێت.
جەژنی، سەری ساڵ، چلەی هاوین، چلەی زستان، جەمای، رۆژووی ئێزدی، بێڵندە، خدر ئەلیاس و قوربان جەژنی ئەوانن.
ئەمڕۆ کوردانی ئێزدی لە شنگال و ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن، جەژنی بێلندە بەڕێوەدەبەن، ئەم جەژنە دەکەوێتە هەینی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم لە رۆژژمێری زایینی، ئەوەش بە گوێرەی ئەو بنەما و رێکارانەی لە ئاینەکەیاندا هاتووە.
چەند رێوڕەسمێک هەن، وەکو: دروستکردنی نانێکی تایبەت کە پێدەڵێن (سەوک) و بەسەر یەکتردا دابەشی دەکەن و هەروەها خواردن ئامادە دەکەن وەکو، (کەشک، کشام. شلک) و (خەولێرە)، ئەویش نانێکی تایبەتە یەک مێوژ دەکەنە ناوی و دەپێژرێت و ئێوارەی جەژن ئەم خەولێرە بە ژمارەی ئەندامانی خێزان کەرت دەکرێت و دابەش دەکرێت.
لەسەر ئەندامانی خێزان و ئەوەی مێوژەکەی بۆ دەرچوو، لە لایەن سەرۆک خێزانەوە خەڵات دەکرێت و هەروەها لە ئێوارەی جەژن ئاگر هەڵ دەکەن و پێی دەڵێن، (گورگا گای) و ئەندامانی خێزان هەر یەکێ سێ جاران بەسەریدا باز دەدەن، بەو بڕوایەی کە گوناحەکانیان دەسووتێندرێن، لە رۆژی جەژندا ئێزدییەکان جەژنی یەکتر پیرۆز دەکەن.
ئێزدی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان و سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی ئەم ئایینە و سەرهەڵدانیشی ڕای جیاواز هەیە، هەندێ لە نووسەران سەرهەڵدانی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی (یەزیدی کوڕی معاویە) و پێیان وایە لە ڕێی هەندێ ڕێبەری سۆفییەوە بانگەوازی بۆ کراوە و سەرنجام لەسەر دەستی (شێخ شەمسەدین) شتی تری تێکەڵ کراوە و بووە بە ئایینێکی جیاواز.