لە عێراق
موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ مانگی یەکی ساڵی نوێ دابەش دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دابەشكردنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ مانگی یەكی ساڵی 2025 راگەیاند.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.1.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی پاڵپشتیکردنی خێزانە زۆر هەژارەكانی عێراق، ئەمڕۆ دەستیان بە دابەشكردنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کرد بۆ مانگی یەكی ساڵی نوێ.
وەزارەكە رایگەیاندووە، لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بەردەوامن بۆ پشتگیریکردنی ئەو خێزانانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدان لە عێراقدا، ئەمەش بە پێدانی بەشی دیكەی موچە.
بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتەكە، بڕەموچەكە زیاتر لە یەك ملیۆن و 124 هەزار خێزان دەگرێتەوە، ئەو بڕەپارەیەی بۆیان خەرج دەكرێت نزیكەی 500 ملیۆن دینارە و داواش لەو خێزانانەش دەكەن موچەكە وەردەگرن، سەردانی بانكە دیاریكراوەكان بكەن.