ئەمڕۆ دیسان گردبوونەوە
خێمەکەی گەڕەکی نەورۆز ساڵێکە هەڵدراوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئەمڕۆ ساڵێکە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەروک لەدژی داگیرکردنی پێنج لە خانووەکانیان لە لایەن سوپای عێراقەوە خێمەیان هەڵداوە و هەڵیان نەگرتووە ئەو کەسانەش تاوەکو ئێستا نەیان توانیوە بگەرێنەوە ناو خانوەکانیان.
ساڵێک بەر لە ئێستا سوپای عیراق هەڵیکوتایە سەر دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز و پێنج خانووی داگیرکرد بە بیانووی ئەوەی ئەو خانوانە سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراقن و بۆ ئەفسەرانی ئەو وزارەتە دروستکراون، ئەمڕۆ 2.1.2025 دانیشتوانی ئەو گەڕەکە گردبوونەوە و جارێکی دیکە داوا دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
عەبدولرەحمان باجەڵانی نوێنەری دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر هەڵدانی ئەو خێمەیە کە ساڵێک بەر لە ئێستا سوپای عیراق هەڵیکوتایە سەرمان و ژن و منداڵمان لە خەودابوون بەترس و تۆقاندن ویستیان دەست بەسەر گەڕەکەدا بگرن و لەو ساتە پێنج خانوومان لە ژێر نۆژەنکردنەوە دابوون دەستیان بەسەردا گرت، لەو ساتەوە بڕیاری ئەوەمان دا کە ئێمە لێرە ناڕۆین ئەژنۆی خۆمان بەستاوە بە زنجیری دەبابە بسەرماندا بڕۆن چۆڵی ناکەین”.
محەمەد عەلی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا لە چەند لایەکەوە هەوڵدراوە لە رێگای یاساوە بکرێت بەڵام هیچی سەرکەوتوو نەبووە خانووەکانمان هەر وەک خۆی دەستی بەسەردا گیراوە.
گەڕەکی نەورۆز لەسەردەمی رژێمی پێشووی عیراق بۆ ئەفسەرەکانی وەزارەتی بەرگری دروست کراوە و لە دوای ساڵی 2003 گەڕانەوەی کوردانی ئاوارە هاتنە ناو ئەو خانوانە و نیشتەجێ بوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی