گیرى خواردبوو
شەوى رابردوو لە هەولێر کەسێک لە ناو مەسعەد رزگار کرا
964+
وریا فەتاح
شەوى رابردوو، تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر کەسێکیان لەناو بەرزکەرەوەیەک رزگار کرد گیرى خواردبوو، وتەبێژى بەرگرى شارستانیش دەڵێت،”ئەگەر گیرتانخوارد ئاگادارمان بکەن بە 20 خولەک رزگارتان دەکەین”.
شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بڵاویکردەوە، شەوى رابردوو تیمى ئینقاز ئاگادارکرایەوە بە هاناى هاوڵاتییەکەوە بچن کە لە یاڵەخانەیەکى چوار نهۆمى دووسایدى عەدالە لەناو مەسعەدێک گیرى خواردبوو.
باسى لەوەشکرد، دواى بەهاناوەچوونى تیمەکانیان، توانیویانە کەسەکە بەسەلامەت رزگار بکەن کە لە ناوەڕاستى باڵەخانەکە لە ناو بەرزکەرەوەیەکدا گیرى خواردبوو.
بە وتەى شاخەوان سەعید، بەرگرى شارستانى هەولێر، تیمى تایبەتى هەیە بۆ ئەو حاڵەتانە و لە دەرەوە راهێنانیان پێکراوە کە دەتوانن بە 20 خولەک کەسێک رزگار بکەن کە لە ناو بەرزکەرەوەدا گیر بخوات.
داواش دەکات، لە حاڵەتى رووداوى لەو شێوەیە لە رێگەى ژمارە 115 و 125 ئاگاداریان بکەن، تیمەکانیان بەزوویى دەگەن.