بەحساب داشکاندنیان کردووە کەچى وا نەبووە
لە هەولێر چەند شوێنێکى فرۆشتنى جلوبەرگ سزادرا
964+
وریا فەتاح
لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى هەولێر بەردەوامن لە چاودێریکردنى بازاڕ و وەکخۆیان دەڵێن، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەى نرخ شەوى سەرى ساڵیش بە دوکانەکاندا دەگەڕێن، چەند شوێنێکیشیان سزادا کە لە داشکاندنەکاندا فێڵیان کردبوو.
هۆگر عەلى، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەولێر بە 964ـى وت،” تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بە بازاڕدا بۆ ئەوەى رێگرى لە گرانبوونى نرخ و کاڵاکان بکەن بەتایبەت کە ئێستا بەرەو سەرى ساڵە و ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار روویان لە هەولێر کردووە”.
دەشڵێت: لە سەرى ساڵیشدا تیمەکانیان ناوەستن و شەوەکەى بڵاودەبنەوە و چاودێرى بازاڕ دەکەن، هەر شوێنێکیش گرانفرۆشى بکات، سزا دەدرێت.
” چەند شوێنێکى فرۆشتنى جل و بەرگ داشکاندنیان کردبوو بۆ کەلوپەلەکانیان، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەمان کرد دەرکەوت وانیە و تەنیا ریکلام بووە، بۆیە ئەمڕۆ سزامان دان”، هۆگر عەلى واى وت.
بەپێى رێنماییەکانى چاودێرى بازرگانى، دەبێت هەر بازاڕ و مارکێت و کۆمپانیایەک داشکاندن بکات پێش 10 رۆژ لیستى نرخەکان و ئەو کەلوپەلانەى داشکاندنیان بۆ دەکات بۆ چاودێرى بازرگانى بنێرێت و نرخى پێشتر و داشکاندنەکەش دیارى بکات.