بای دۆخەکە بە ئاڕاستەی چارۆکەی ئەوان هەڵیکردووە

بە نیازی کشانەوە مەبن.. ئەمریکییەکان بەتەواوی لە عێراق شوێنی خۆیان قایم دەکەن

964+

ژووری هەواڵ

ئەم چەند رۆژە لە ناوەندە سیاسییەکانی بەغداو واشنتن، باسوخواسی چارەنووسی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق هاتووەتەوە بەر مەیدان، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن تا چەند ساڵێکی تر ئەو هێزانە لە عێراق شوێنی خۆیان خۆش بکەن، چونکە بای دۆخەکە بە ئاراستەی چارۆکەی ئەو هێزانە هەڵیکردووە.

ئاستی زانیارییەکان متمانەپێکراون
ئەم راپۆرتە بە هەماهەنگی لە نێوان هەرسێ بەشی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی 964 بەرهەمهاتووەو زانیارییەکان لە واشنتن و بەغداو کوردستان و رۆژئاوا لە چەند سەرچاوەیەک وەرگیراون کە بەهۆی پێگەکەیانەوە ئاگایان لەو مقۆمقۆیە هەیە، ئەو سەرچاوانە لە چەند بابەتێکی تردا قسەیان بۆ 964 کردووەو هەموو جارێک سەرنجەکەیان پێکاویەتی و زانیارییەکەیان راست بووە.

ئەوانەی قسەیان کردووە هەموو جارێک سەرنجەکانیان پێکاویەتی

چی روودەدات و باس و خواس لەسەر چییە؟
ئەو سەرچاوانە بەجیا قسەیان بۆ 964 کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی ”بارودۆخی ئیقلیمی و مەترسییە ئەمنییەکان، ئاو دەکەن بە ئاشی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکاندا”، لایەنێکی تریش کە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، ئەو هێزانەی شیرو تیریان لە هێزە ئەمریکییەکان دەسوو داوای دەرکردنیان دەکردن، ئێستا بە پێچەوانەوە پێیان خۆشە بمێننەوە.

بارودۆخی ئیقلیمی و مەترسییە ئەمنییەکان، ئاو دەکەن بە ئاشی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکاندا

لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی سوریا و رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، جارێکی تر مەسەلەی سەرهەڵدانەوەی مەترسی داعش هاتووەتە ئاراوە، ناشزانرێت چارەنووسی سوریا بەدەست هێزە فەرمانڕەوا نوێیەکانەوە چۆن دەبێت، بەتایبەتی کە ئەو هێزانە تورکیا بووەتە ریش سپییان.
سەرچاوەیەکیان وتی: ”واقیعی حاڵ سەلماندوویەتی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ داعش هیچ لە قازانجی عێراق نەبووە”.

واقیعی حاڵ سەرلماندوویەتی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ داعش هیچ لە قازانجی عێراق نەبووە

بەم ساڵانەی دوایی لە خۆرهەڵات و خۆرئاواوە ئێران ببووە دراوسێی عێراق، لەوەش زیاتر خۆی خانەخوێ بوو، بۆیە گروپە شیعەکانی نزیک لە ئێران قسەی سەری زمان و بنی زمانیان دەرکردنی هێزە ئەمریککییەکان بوو، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە.
یەکێک لەسەرچاوەکانی 964 وتی: ”ئەو گروپانە ئێستا دەزانن بەوە بەختیان هەیە کە ئەمریکا دەیانپارێزێت، چونکە دەمێکە ئیسرائیل مشتی لە لێدانی ئەو هێزانە خۆشکردووە”، بەڵام ناکرێت ئەو کارە بەبێ رەزامەندی ئەمریکا بکات، ئەمریکاش دەرفەتی داوە بە سودانی قسەیەکی خێر لەو مەسەلەیەدا بکات و بە هێزە شیعەکان بڵێت ئێوە لە ئیسرائیل مەکەون، ئەویش لێتان ناکەوێت.

ئەو گروپانە ئێستا دەزانن بەوە بەختیان هەیە کە ئەمریکا دەیانپارێزێت، چونکە دەمێکە ئیسرائیل مشتی لە لێدانی ئەو هێزانە خۆشکردووە

لە دیوی عێراقەوە هەموو هێزەکانی بە نیمچە یەکلابووەوە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەمریکا بمێنێتەوە، بەڵام لە دیوی ئەمریکاوە وەزعەکە شتێکی ترە.

ئێتستا ئەمریکییەکان لە قۆناغێکی تەمومژاویدان لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیان لە ناوچەکە، ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەم دۆسێیە وەک خۆی بداتە دەست ترەمپ، ئەوەی دوای ئەو تۆپەکە لە ساحەی ترەمپدایە، ”ترەمپ هیچ کەیفی بە ئێرانییەکان نایەت و لەگەڵ سیاسەتی ئەوپەڕی توندکردنەوەدایە، مەزەندەش دەکرێت پارەی ئێران لە عێراق و وڵاتانی کەنداو بلۆک بکات و ئیتر رێگە نەدات وەک جاران عێراق بە دڵی خۆی غازو پێداویستی لە ئێران بکڕێت”.

ترەمپ هیچ کەیفی بە ئێرانییەکان نایەت و لەگەڵ سیاسەتی ئەوپەڕی توندکردنەوەدایە

دوان لەسەر چاوەکان کە قسەیان بۆ 964 کرد بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەکتربن لەسەر ئەم قسەیە کۆک بوون ”سەبارەت بە داعش بژاردەی هەرە بێوەی ئەوەیە لە زیندانەکاندا بمێننەوە وەک ئەوەی ئێستا لە کامپی هۆلدان لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، پێشبینی دەکرێت ئەمریکا بوونی خۆی لە تەنەف و ناوچەکانی بیابانی سوریا لەسەر داوای ئەردەن قایمتر بکات”.

سەبارەت بە داعش بژاردەی هەرە بێ وەی ئەوەیە لە زیندانەکاندا بمێننەوە