لە پردی دەلال گۆرانی و هەڵپەڕکێیە
ساڵی نوێ دوو برا زاخۆییەکە دەردەکەون و دوێتیان دەبێ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
زنجیرە کۆنسێرتەکانی زاخۆ لە پردی دەلال تا شەوانی سەری ساڵ بەردەوامن، ئەمجارە ساڵی نوێ ئیسلام زاخۆی و دڵشاد زاخۆی دەرخست، بۆ سەری ساڵیش ئیسلام لەگەڵ براکەی عەبدولقەهار زاخۆی دەردەکەون دوێتیان دەبێ.
هەردوو هونەرمەندی شاری زاخۆ، ئیسلام زاخۆی و دڵشاد زاخۆی لەرۆژی کۆنسێرتەکەیان بۆ مایکی 964 قسەیان کرد، ئیسلام زاخۆی وتی، زۆر دڵخۆشم ئەمرۆ لەشاری خۆم، کۆنسێرتم هەیە لەناو جەماوەرەکەم و خەڵکی شارەکەی خۆمم، ژمارەیەک گۆرانی کۆن بۆ گوێگرەکان و ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە ئامادە کردووە و بەپێی داوای ئەوانیش دەتوانین هەندێک گۆرانی دیکە بڵێین.
ئسلام لە بارەی، کەمی بەرهەمەکانی بە 964ی وت، ماوەیەکە بەرهەمم کەمە، بەهۆی ئەوەی ماوەی رابردوو نەخۆش کەوتم، لەداهاتوویەکی نزیکدا زیاتر دەردەکەومەوە، ئەو وتی، بەردەوام پڕسیاری ئەوەم لێ دەکرێت، ئایا پلانی بەرهەمێکی هاوبەشی لەگەڵی براکەی هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆی دەبێت؟، ئەو وتی، بەڵێ پلانێکمان هەیە و بەرهەمێکی هاوبەشمان دەبێت.
ژمارەیەک لە عاشقانی دەنگی هەردوو هونەرمەندەکە لە پردی دەلال کۆببوونەوە، گوێیان گرت و خۆشیان دەربڕی، شەوانی سەری ساڵ ئەمساڵ لە زاخۆ جیاوازە، وا بڕیارە تا شەوانی ساڵی نوێ کۆنسێرتەکان بۆ هونەرمەندانی شارەکە بەردەوامبێ و سوپرایزی تێدا بێت.
دڵشاد زاخۆی، هونەرمەند کە ئەمڕۆ بەشداری کۆنسێرتەکەی کرد وتی، ناتوانم دیاری بکەم چەندە دڵخوشم، ئەمرۆ لە شارەکەم کۆنسێرتم هەیە و لە تەنیشت پردی دەلال گۆرانی دەڵێم. دڵشاد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژی، ئەو وتی، هۆکاری کەمی بەرهەمەکانم ئەوەیە لە دەرەوەی وڵاتم و کات و زەمینەی گونجاو لەدەرەوە لەبار نیە وەک لە زاخۆ، بۆیە بەرهەمەکانم کەمە.
لەبارەی پلان بۆ ساڵی ئایندە، دڵشاد زاخۆی وتی، ژمارەیەک گۆرانی و دوو کلیپی نوێم ئامادە کردووە و پێشکەشی گوێگران و هەوادارەکانم لە کوردستان و دەرەوەی دەکەم و بەمزووانە بڵاودەکرێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا