نزیکەی 35 داربەڕووی بڕی و پشتی پیکابی لێ پڕکردن بەڵام فریای سووتانیان نەکەوت - وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
18 فەردە خەڵوزیش دەستیان بەسەرداگیرا
نزیکەی 35 داربەڕووی بڕی و پشتی پیکابی لێ پڕکردن بەڵام فریای سووتانیان نەکەوت
964+
شۆڕش قادری
داربڕین لە سنووری سلێمانی و ناوچە ساردەکان بەردەوامە و پۆلیسی دارستان و ژینگەیش لە سزادان و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران ماندوو نابێت.
بەپێی چەند وێنەیەک کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردوونەتەوە، کەسێک ژمارەیەک داری سروشتی بڕیونەتەوە و پاشی پیکابەکەی لێ پڕ کردوون، بەڵام فریای گواستنەوەیان نەکەوتووە، دەستیان بەسەرداگیراوە.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “رووداوەکە لە گوندی فریزەڵە لە ناوچەی خەلەکان بووە، دوای گەڕانی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خەلەکان دەرکەوتووە کە نزیکەی 35 داربەڕوو بڕدراون، بەڵام تەوەربەدەست نادیار بووە و خۆی نەداوە بەدەستەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکار.
هێمن کەمەرخان وتیشی، لە گوندی کانی سپیکەـی سەربە ناوچەی ناڵپاێز لەنێوان سەیدسادق و پێنجوێن، مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بە هاوکاری ئاسایشی ناوچەکە، کەسێکیان بە تۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیر کردووە، هاوکات 18 فەردە خەڵوز دەستی بەسەرداگیراوە و کورە خەڵوزێکێش تێکدراوە.
کەم رۆژ هەیە پەیجى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى دەستگیرکردنى چەند هاوڵاتییەک بڵاونەکاتەوە کە دارى تەڕیان بڕیوە، 964 لە رێگەى پەیجى فەرمى ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە ئامارێکى کۆکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لە 27.11.2024 بۆ 27.12.2024، توانراوە 37 کەس لەسەر داربڕین دەستگیر بکرێن.