لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە

تەرمی دیاری کامەران دوای نزیکەی سێ مانگ و نیو لە خنکانی دەگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی

964+

شۆڕش قادری

دوای نزیکەی سێ مانگ و نیو، تەرمی دیاری کامەران ئەو گەنجەی لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا دەگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی.

رۆژی 15.9.2024 بەلەمێكی کۆچبەران بە 60 سەرنشینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە، هەشت کەس گیانیان لەدەست دا، کە یەکێکیان دیاری کامەران گەنجێکی خەڵکی دەربەندیخان بوو، هەر ئەو کات بە هەماهەنگی کەسوکارەکەی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هاتنەخەت بۆ ئەوەی تەرمەکەی بگەڕێننەوە کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە 28.12.2024 کامەران محەمەد باوکی دیاری بە 964ـی وت، “لە فڕۆکەخانەی هەولێرین و چاوەڕێی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەمان دەکەین”.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گەیشتنەوەی بە خاکی کوردستان، تەرمەکەی دەبەنەوە دەربەندیخان و لە زێدی خۆیان، بەخاکی دەسپێرن.

دیاری کامەران تەمەنی نزیکەی 25 ساڵ بوو و دانیشتووی گوندی ئاوبارە بوو لە قەزای دەربەندیخان، لەگەڵ باوکی بەیەكەوە رۆیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و بەنیازبوون خۆیان بگەیەنە بەریتانیا، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و رۆژی یەکشەممە 15.9.2024 بەلەمەکەیان کە نزیکەی 60 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لە نۆکەندی ئینگلیز پەکی کەوت و دیاری کامەران و حەوت کەسی تر خنکان، بەڵام باوکی بە سەلامەت دەرچوو.

تەرمی گەنجەکەی دەربەندیخان کە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا ...

تەرمی گەنجەکەی دەربەندیخان کە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا کەی دەگەرێنرێتەوە؟

نزیکەی دوو مانگ بەسەر خنکانی گەنجەکەی دەربەندیخان تێپ...

نزیکەی دوو مانگ بەسەر خنکانی گەنجەکەی دەربەندیخان تێپەڕی و تەرمەکەی نەگەڕێنراوەتەوە