بایدن دەیەوێت و ترەمپ نایەوێت
تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغە دەکرێت؟
964+
وریا فەتاح
ترەمپ و بایدن هەڵوێستى پێچەوانەیان هەیە لە بارەى پلاتفۆڕمی تیکتۆکەوە، بایدن داواى لە دادگاى باڵا کردووە تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغە بکات و ترەمپیش دژیەتى.
170 ملیۆن ئەمەریکى تیکتۆک بەکار دەهێنن
ئیدارەى جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، رۆژى هەینى داواى لە دادگاى باڵاى ئەمریکا کردووە یاساى قەدەغەکردنى تیکتۆک لە وڵاتەکەیدا کارا بکات، هەمان رۆژ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا، کە بەم نزیکانە دەچێتە سەر کورسى سەرۆکایەتى، داواى لە دادگاکە کردووە، رێگرى لەوەها بڕیارێک بکات، کە دەبێتە هۆى قەدەغەکردنى تیکتۆک لە ئەمریکا.
بەپێى هەواڵى میدیا ئەمەریکییەکان، ئیدارەى بایدن دوێنێ هەینى بە دادگاى باڵایان راگەیاندووە، تیکتۆک زانیارى زۆر لەسەر دەیان ملیۆن ئەمریکى کۆدەکاتەوە، بۆیە پێویستە قەدەغە بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، چین دەتوانێت بە نهێنى دەستکارى پلاتفۆڕمەکە بکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانى و زیان بە ئەمریکا بگەیەنێت، بۆ نموونە بە بڵاوکردنەوەى زانیاری ناڕاست لە کاتى قەیراندا.
هەروەها کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پێشووی حکومی لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، لەناویاندا هەندێکیان کە پێشتر بۆ ترەمپ کاریان کردووە، داوایان لە دادگای باڵا کرد تیکتۆک قەدەغە بکات.
بڕیارە 10ـى مانگى 1ـى ساڵى 2025، دادگاى باڵاى ئەمریکا کۆببێتەوە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو داواکارییە و دۆسێى تیکتۆک لە ئەمەریکا.
ئیدارەی بایدن لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا یاسایەکی دەرکرد، ناوەڕۆکى یاساکە بریتییە لە پاراستنى ئەمریکییەکان لە ئەپەکانى کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن نەیارانى ئەمەریکاوە.
حکومەتى ئەمریکى داوا لە خاوەنە چینییەکەى تیک تۆک كردووە، پلاتفۆرمەکە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت یان مەترسی ئەوەى پیشانداوە کە ئەپەکە لە ئەمەریکا قەدەغە بکرێت.
دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا یاساکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، پاساوەکانی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی ئەپەکە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، رەوان.
نامە دژبەیەکەکان کە رۆژی هەینی بۆ دادگای باڵا نێردراوە، ئاماژە بە “گرژی” لە نێوان ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانی و ئازادی قسەکردندا دەکەن، لە کاتێکدا 170 ملیۆن ئەمریکی تیک تۆک بۆ هەواڵ و کات بەسەربردن بەکاردەهێنن.
دیارترین هاوپەیمانی پێشووی ترامپ کە پشتیوانی لە هەڵوێستی ئیدارەی بایدن دەکات لەسەر تیک تۆک، مایک پێنس جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکایە.
“تیکتۆک” ئەپێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە لەساڵی 2016دا دروستکراوە، ئەپەکە بە زیاتر لە 40 زمانی جیهان بەردەستە و بەکارهێنەرانی لە رێگای ڤیدیۆوە بۆچوون و هەستەکانی خۆیان دەردەبڕن کە ماوەی هەر ڤیدیۆیەک لە نێوان 15 چرکە تا سێ خولەک دەبێت.