لە مەشهەد بەرەو نەجەف بەڕێکەوتبوو
گەشتیارێکی عێراقی فڕۆکەیەکی لە کرماشان ناچار بە نیشتنەوە کرد
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی نەخۆشکەوتنی گەشتیارێکی عێراقی، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی مەشهەد – نەجەف، لە نیوەی رێگادا و لە کرماشان ناچار بە نیشتنەوە بوو.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری مەسعود قەلعە سفیدی بەڕێوەبەری فریاگوزاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان بڵاویکردووەتەوە، “فڕۆکەیەک کە لە شاری مەشهەدی ئێرانەوە بەرەو شاری نەجەف بەڕێکەوتبوو، بەهۆی نەخۆشکەوتنی یەکێک لە سەرنشینەکانی و لەسەر داوای فڕۆکەوانەکەی، لە فڕۆکەخانەی (شەهید ئەشرەفی ئەسفەهانی) شاری کرماشان نیشتووەتەوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، نەخۆشەکە پیاوێکی تەمەن 21 ساڵی عێراقی بووە و پێشینەی تەنگەنەفەسی هەبووە، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام رەزای کرماشان کراوە.
رووداوەکە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 26.12.2024 روویداوە.