لە 15 رۆژى رابردوودا
لە شەڕى هەسەدە و گروپەکانى سەر بە تورکیا 136 کوژراو هەبووە
964+
وریا فەتاح
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکراى دەکات، لە ماوەى 15 رۆژى رابردووى شەڕ و پێکدادانەکانى نێوان شەڕڤانانى هەسەدە و گروپەکانى سەر بە تورکیا، 136 کوژراو هەبووە.
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکراى کردووە، لە پێکدادانەکاندا، چەکى مامناوەند و قورس و نارنجۆک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بەکارهێنراون و ناوچەى رووبەڕووبونەوەکانیش لە دەورووبەرى پردى قەرەفۆزاک و بەنداوى تشرین، چڕبوونەتەوە.
وەک ئەوەى ئاشکراى کردووە، هێزەکانى ئەمەریکا بنکەیەکى کاتیان دامەزراندووە بۆ سەرپەرشتیکردنى دانوستان و نێوەندگیرى لە نێوان گروپەکانى سەر بە تورکیا و هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ئەوەش بە مەبەستى کەمکردنەوەى گرژییەکان و رێگریکردن لە وێرانکارییەکان.
روانگەى سورى لە ماوەى 15 رۆژدا کوژرانى 136 کەسى تۆمار کردووە کە لە هاوڵاتى مەدەنى و شەڕڤان و چەکدارى گروپەکانى سەر بە تورکیا پێکهاتوون.
کوژراوەکان بریتى بوون لە 20 هاوڵاتى مەدەنى کە سێکەسیان ژن بوون و 81 کەسیشیان چەکدارانى نزیک لە گروپەکانى سەر بە تورکیا بوون.
هەروەها گیانبەخشینى 35 شەڕڤانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیشى تۆمار کردووە کە لە هێرشى زەمینى و بۆردووماندا گیانیان بەخشیووە.