بۆ پێشوازى لە گەشتیاران خۆى ئامادە کردووە

هەرێمى کوردستان چاوەڕێى هاتنى سەروو 200 هەزار گەشتیار دەکات بۆ ئەم سەری ساڵە

964+

وریا فەتاح

دەستەى گەشتوگوزار لەسەرەتایى ئەم مانگەوە خۆى بۆ کۆتایى ئەم مانگە ئامادە کردووە و چاوەڕێن بۆ ئەم پشووى سەرى ساڵە، پێشوازى لە 200 هەزار گەشتیار بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـى وت،” لەرێگەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمانەوە لەسەرەتاى ئەم مانگەوە دەستمان بە ئامادەکارى کردووە بۆ ئەوەى بە باشترین شێوە پێشوازى لە گەشتیاران بکەین کە بۆ پشووەکانى سەرى ساڵ روولە هەرێمى کوردستان دەکەن”.

“گەشتوگوزار لەسەر دوو ئاست ئامادەکارى کردووە، ئاستێکیان کەرتى گشتى و حکومییە کە خۆى دەبینێتەوە لە هەماهەنگى لە نێوان گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان  بەتایبەت قایمقامییەتەکان و ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگار و ئاسایشى بازگەکان، بۆ ئەوەى ئاسانکارى تەواو پێشکەش بە گەشتیاران بکرێت”، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار بەم شێوەیە روونى کردەوە.

وەک باسى دەکات چەندین لیژنەى جیاوازیش پێکهێنراون بۆ چاودێریکردنى چالاکییە گەشتیارییەکان، بۆ ئەوەى گەشتیاران ئیستغلال نەکرێت و خزمەتگوزارى پێویست بە گەشتیاران بکرێت و لە بازگەکانیش پروشەر و نەخشەى شوێنى گەشتیارى و رێنمایى بە گەشتیاران دەدرێت.

لەسەر ئاستى کەرتى تایبەتیش، دەستەى گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکان و گروپ و گوندە گەشتیارییەکان، لەسەر هێڵە بۆ ئەوەى بە تەواوى لە خزمەت گەشتیاراندا کراوەبن.

جەختیش دەکاتەوە، هەرێمى کوردستان بە کەرتى گشتى و تایبەتەوە لە پێشوازى گەشتیاراندا ئامادەیە و پێشبینیش دەکەن لە ماوەى یەک هەفتەى پشووەکانى سەرى ساڵدا، سەروو 200 هەزار گەشتیار روولە هەرێمى کوردستان بکەن.

کریسمسی سۆران چاوەڕێی 50 هەزار گەشتیار دەکات

کریسمسی سۆران چاوەڕێی 50 هەزار گەشتیار دەکات