لە وڵاتانى دنیاوە
حکومەتى ئێستاى عێراق 10 هەزار پارچە شوێنەوارى گەڕاندووەتەوە
964+
وریا فەتاح
دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەى حکومەتى ئێستاى عێراق 10 هەزار پارچە شوێنەوار گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، پێشى وایە ئەو هەنگاوە ئاسانکارى زۆر دەکات بۆ راکێشانى گەشتیاران بۆ وڵات.
عەلى عوبەید، سەرۆکى دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وتووە،”لە پێکهێنانی ئەم حکومەتەوە دەستمان کردووە بە وەرگرتنەوەی ئەو شوێنەوارانەی کە لە دەرەوەی عێراقن و لە رابردوودا بردراونەتەوە دەرەوە، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا 10 هەزار پارچە دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق”.
ئاشکراسى کردووە، پلانیان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەى 15 هەزار شوێنەوار لە تەواوى پارێزگاکانى وڵات.
“رێکارەکانى کارکردن لە بوارى کەلوپەلى شوێنەوارى، پێویستى بە وردبینى و لێهاتووى و خاوى هەیە، بۆیە کارەکان لە ئاستى پێویستدا نەبوون و گرفتى تەرخانکردنى پارەش هەبووە، لەبەر ئەوەش بەهۆى داگیرکارییەکانى داعشەوە زۆرترین شوێنەوارى نەینەوا رووبەڕووى لەناوچوون بوون، بۆیە هەوڵى نۆژەنکردنەوەیان دەدرێت”ـ عەلى عوبەید واى وتووە.
ئەو پێى وایە ئەو کارانەى لە بوارى پاراستن و نۆژەنکردنەوەى ناوچە شوێنەوارییەکان و گەڕاندنەوەى پارچە شوێنەوارەکان، کراون، لە داهاتوودا دەبێتە هۆى راکێشانى گەشتیاران بۆ عێراق.
زۆرینەى ئەو پارچە شوێنەواریانەى عێراق کە لە وڵاتان دۆزراونەتەوە لە ئەمەریکا و نەرویج و ئوردن و ئیتاڵیا و بەریتانیا بوون.