دڵشاد گەرمیانی دزی لێكراوه‌

964+

میلاد جەلال – کەلار

ماوەی 10 رۆژە لەنزیک شەقامی پشتێنەیی کەلار، 79 سندوقی هەنگ، لە دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری دزراون و تا ئێستا سۆراغی دیار نییە و کەس لەسەری دەستگیرنەکراوە.

دڵشاد گەرمیانی بە تۆڕی964ی وت “نزیکەی 11 ساڵە سەرقاڵی بەرھەمھێنانی ھەنگوینی سروشتیم، لە ناو کەلار و ناوچە شاخاویەکان سندوقە هەنگوینەکان دادەنێم، لە کۆی 400 سندوق 79 دانەیان دزراوە.

وتیشی، ئەو کەسەی کە سندوقەکانی بردووە کەسێکی شارەزابووە لە کاری ھەنگەوانی، چونکە ئەو سندوقانەی کە قورس بووە و ھەنگی زیاتر تیابووە ھەڵیبژاردوە و باریکردوە.

عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی964ی راگەیاند، ئەو هاوڵاتییە رۆژی 23ی کانونی دووەم، سکاڵای تۆمارکردوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و گەڕاندنەوەی سندوقەکان بۆ خاوەنەکەی.

سندوقە ھەنگەکان لە شارەدێی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار بوون، بە دووری 200 مەتر لە شەقامی پشتێنەیی کەلار، کە شەقامێکی قەرەباڵغە و ھاتووچۆی بەردەوامی بارھەڵگری بەسەرەوەیە..

دڵشاد گەرمیانی، کە سندوقە هەنگەکانی لێدزراوە، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بووە و ماوەی چەند ساڵێکە دوور لە کاری سیاسی خەریکی بەخێوکردنی هەنگە.