گەشتیاری زستانە لە دهۆک - فۆتۆ +964
ئەمساڵ لە پار زیاتر دەبێت
پشووی سەری ساڵ دەستیپێکرد و گەشتیاران روویانکردە کوردستان
964+
ژوولی عەدنان
لەگەڵ دەستپێکردنی پشووی سەری ساڵ گەشتیاران لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە روویان کردووەتە هەرێمی کوردستان و واچاوەڕوان دەکرێت ژمارەیان زیاتربێت لە پار.
ئەمڕۆ 25.12.2024 یەکەم رۆژی پشووەکانی سەری ساڵە و تا 2.1.2025 بەردەوام دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە کوردتسان و ناوچە شاخاوییەکان بکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە 964ی وت، ” چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی گەشتیاری زستانە لە ئەمساڵ زیاتربێت وەک لە پار، لە ئەمڕۆوە گەشتیاران دەست بە هاتن دەکەن و پێشبینی دەکەین ژمارەیان بگاتە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار”.
وتیشی، لە هەرێمی كوردستان 468 هۆتێل، 282 مۆتێل، 714 كافتریا ، 10 شاری یاری، 589 رێستۆرانت، 700 كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیاریی و 54 كۆمەڵگەی گەشتیاری هەن.
باسی لەوەشکرد، ساڵی پار چالاکییەکان کەم بوون چونکە بارودۆخەکە گونجاو نەبوو بەڵام ئەمساڵ ئامادەیی تەواویان بۆ هاتنی گەشتیاران کردووە و چالاکی وەرزشی گەشتیاریشیان لە ناوچە شاخاوییەکان زیادکردووە.
وەک ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە حەوت ملیۆن و 279 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، هەر گەشتیارێكیش لەنێوان 250 بۆ 300 دۆلاری خەرج كردوە.