گۆرانییەكی ترێند دنیای پڕ كردووە
ئەگەر هاوكاریم بكەی لە بۆمبابارانكردنی عێراق، من كوردستانت بۆ رێكدەخەمەوە”.
چاوان خەلیل
تەیكن جا فاكۆلی، گۆرانیبێژی ناوداری ئەفریقا، نوێترین گۆرانی خۆی بڵاوكردەوە، كە یەكێكە لە گۆرانییەكانی ئەلبومی داهاتووی، كە بڕیارە لە 14ی شوباتی داهاتوو بڵاوببێتەوە.
ناوی گۆرانییە ” ئیتر هیچ شتێك سەرسامم ناكات”
گۆرانییەكە باس لە دیوی دووەمی سیاسەت و مامەڵەی ناعەدالەتی وڵاتانى سەردەست و ستەمكردن لە نەتەوە ژێردەستە و وڵاتە هەژارەكان دەكات، گۆرانییەکە پەردە لادانە لەسەر رووى یەکەمى سیاسەتى وڵاتانى زلهێز لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ وڵاتە بچوک و بندەستەکان، پیشانمان دەدات کە زلهێزەکان لە بەرامبەر دەرهێنانى زێڕ و پێدانى گەنم و نەوت و یۆرانیۆم، چۆن سەودا و مامەڵە بە سەروەرى وڵاتانى بچوکەوە دەکەن.
لە بەشێكی تێكستى گۆرانییەکەدا باسی كوردستان دەكات و تەیکن دەڵێت “ئەگەر هاوكاریم بكەی لە بۆمبابارانكردنی عێراق، من كوردستانت بۆ رێكدەخەمەوە”.
ئەم بەشەی گۆرانییەکە هەر زوو لە سۆشیال میدیای هەرێمەکەى خۆمان بوو بە وێردى سەرزمان و بۆ ئەوەش دوو بۆ چوون هەیە، لایەک پێى وایە، ئەمە پشتگیریکردنى کوردستانە، بەڵام بۆچوونەکەى دیکە پێى وایە ئەمە سەودا و مامەڵەیە بە کوردستانەوە دەکرێت و لێدانە لە کوردستان.
پوختەى کەلامى گۆرانییەکە، پیشاندانى دابەشکردنى جیهان و ئەو دیزاینەیە کە وڵاتانى سەردەستە لەسەر بنەماو بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان دیزانى بۆ دەکەن.
لە گۆرانییەكەدا 850 كەس وەك كۆمبارس بەشدارییان لەگەڵ فاكۆلی كردووە و بەشێك لەوان گۆرانبێژ و هونەرمەندی ناوداریشن.
ئەو گۆرانییە مانگی رابردوو لە پاریس تۆمار كرا و پێشكەش كرا، كە سەدایەكی گەورەی هەبووە و ئێستا بووە بە ترێند.