لە سنووری بێجی
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە چوار جوتیار گیانیان لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ژمارەیەک هاوڵاتی لە کاتی سەردانی کێڵگەیەکی خۆیان کردووە لە نزیک پردی هۆندای قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆمبێکی چێندراویان پێدا تەقییەوە و چوار جوتیار گیانیان لەدەست دا، سێی دیکەش بریندار بوون.
محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت، جوتیارەکان لە کاتی سەردانیکردنی کێڵگەکەیان بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە دەستبەجێ چوار جوتیار گیانیان لەدەست داوە، کە دووانیان کوڕ و باوکن و سێ جوتیاری دیکەش بریندار بوون.
وتیشی، دەستبەجێ هێزە ئەمنیەکانی سنوورەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکوڵینەوەیان دەستپێکردووە و دەرکەوتووە، بۆمبەکە پاشماوەی کۆنی چەکدارانی داع*ش بووە و جوتیارەکان ئۆتۆمبێلی جۆری تراکتۆر و بارهەڵگریان پێ بووە و لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ ناو کێڵگەکەیان بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.
دەشڵێت، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە راوانەی نەخۆشانەی گشتی قەزاکە کراون و دۆخی دوو لەبریندارەکانیش ناجێگیرەو رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی سەڵاحەدین کراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی