لە پێنجوێن

تەندروستى بایکۆتى شکاندووە و پەروەردەش بەردەوامە

964+ 

کامیار کەمال- پێنجوێن

لە دوێنێوە، سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە و بایکۆتیان شکاندوە، بەڵام قوتابیانی پێنجوێن هەر لە ماڵەوە دانیشتون و باکۆتی مامۆستایان بەردەوامە.

هێمن ئیبراهیم قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ـى وت،” رۆژی 15ـى ئەم مانگە نەخۆشخانەی پێنجوێن بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و تەنها بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە لە کاردا بووە، بەڵام لە دوێنێوە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانە چونەتەوە و دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن.

سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان، هێمن ئیبراهیم ئەوەی خستەروو، کە لە دەستپێکی تاقیکردنەوەى 20 نمرەیى، بەش بەش قوتابخانەکان دەستیان کرد بە بایکۆتی دەوام، بەڵام بەهیچ جۆرێک تاقیکردنەوەی نەفەوتاوە و قوتابیان تاقیکردنەوەیان کردوە، بەڵام وانەیان نەخوێندووە.

ئەوەشی خستەروو، تا ئەمڕۆش بایکۆتی مامۆستایان نەشکاوە و باسی لەوەشکرد، لە رێگای پەیوەندیکردن بە مامۆستایانەوە هەوڵدەدەن دوای وەرگرتنی موچەکانیان دەست بکەنەوە بە وتنەوەى وانەکانیان.

” سەرەڕای بایکۆت، قوتابیانی پۆلەکانی نۆ و 12 بەردەوامن لە خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەکانی قەزای پێنجوێن، بەڵام قوتابیانی پۆلەکانی دیکە خوێندنیان راگیراوە”، هێمن ئیبراهیم واى وت.

لاى خۆیەوە رزگار عیزەت کە مامۆستایەکى پێنجوێنە بە 964ـى وت،”بایکۆتى مامۆستایان پەیوەستە بە نەبوونى پارە و موچە، چونکە بەشێکى زۆریان پارەیان پێنییە، بەتایبەت ئەو مامۆستایانەى لە گوندەکان وانە دەڵێنەوە”.

ئاشکراشى کرد، تا ئێستا دەنگوباسی شکاندنی بایکۆت نییە و مامۆستایان بەردەوامن و بەشێکی زۆری مامۆستایان رایان وایە تا وەرگرتنی موچەی مانگی دوانزەش نەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام بڕیاری تەواوەتی لەو بارەوە تا ئێستا نەدراوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن بایکۆتی دەوامیان کرد

نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن بایکۆتی دەوامیان کرد