کێشەکەشیان چارەسەر کرا

کەمیی خزمەتگوزاری کوڕانی بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەتی هێنایە سەر شەقام

ژێوار خدر

خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەتی کوڕان لە هەولێر، درەنگانی شەوی رابردوو لە دژی کەمیی خزمەتگوزاری لە بەشە ناوخۆییەکەیان گردبوونەوە و بەشێکی شەقامەکەیان گرت.

یەکێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکەیە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە 964ـی وت، لە بەشە ناوخۆییەکەماندا ئاو نییە و خزمەتگوزاریشمان زۆر کەمە، بۆیە بڕیارمان دا بێینە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕین.

وتیشی، ئەمڕۆ کێشەی ئاوەکەمان بۆ چارسەر بووە و گرفتمان نەماوە.

رێباز ئەرگۆشی، لێپرسراوی بەشی ناوخۆیی کوڕانی شەهید شەوکەت بۆ 964 وتی، گردبوونەوەکە شتێکی وانەبووە و تەنیا هەڵەتێگەیشتێک هەبووە و ئێستا کێشەکان چارەسەر کراون.

بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەت کەوتووەتە سەر شەقامی کەرکوک و ژمارەی خوێندکارانی کوڕ لە بەشە ناوخۆییەکە نزیکەی 1800 خوێندکار دەبێت.