تیمەکانی ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر بلوارەکانی شار چاک دەکەن
بەردەوام لە کاردان
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 10 تیم کاریان لە پارک و نافوورەکان کردووە
964+
ژوولی عيدنان
ئەمڕۆ ئەندازەی پارکەکانی هەولێر قۆڵیان لێهەڵماڵی و بە 10 تیم دەستێکیان بە پارک و بلوار و نافورەکانی شاردا هێنا.
کارەکانی ئەم تیمانە چاککردنی قۆڕت، رێکخستنەوە، بژار و کێڵان، شوشتن و خاوێنکردنەوەی نافوورە و بژار و پاککردنەوە و رێککردنەوەی فریزی ناو پارک و بلوارەکان بووە.
ئەو پارکانەی تەنیا ئەمڕۆ کاریان تیدا کردووە “هەوار، خانزاد، شار و گلکەند”ن، رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەمەی بە 964 وت.
باسی لەوەش کرد، شووشتن و خاوێنکردنەوەی نافوورە و پارکەکان بەشێکی سەرەکیی کارەکانە، کە لەلایەن تیمەکانیانەوە رۆژانە ئەنجام دەدرێن.
رۆژانە کاتێک گوزەرێک بە ناو شەقامەکانی هەولێر دەکەیت شێوەی جیاوازی رێکخستن و دیزاینکردنی سەوزاییەکان بەدی دەکەیت” تیمی دیزاینکردنی باخچەکان 10 کەسن و خولی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە، ئەوان بەشی شێوەکاری پارکەکانن” رێبین ئەحمەد ئەمەی ووت.
هەروەها دەڵێت، زۆربەی کارەکانی ئەم وەرزە تەلقیمکردنی دارەکانە، بۆیە تیمەکان بە شەقام و پارک و بلوارەکانی شاردا دابەشبوونە.