"داواكراوە دۆسیەكە ببرێتەوە دادگای سلێمانی"

دۆسیەیەكی هەڕەشەی کوشتن لە هەڵەبجە زیاتر لە چوار ساڵە یەكلانەبووەتەوە

+964

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

پارێزەری ئەو پێنج هاوڵاتییەی لە هەڵەبجە هەڕەشەی كوشتنیان لێكرابوو، ئاشكرای كرد كەیسەكە زیاتر لە چوار ساڵە یەكلانەبووەتەوە، داواش كراوە دۆسیەكە ببرێتە دادگای سلێمانی و “دەیانەوێت كەیسەكە بەلاڕیدا ببەن”.

مانگی شەشی ساڵی 2020، پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووس، سکاڵایەکیان دژی بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی ھەڵەبجە تۆمار كرد، بە تۆمەتی ئەوەی ھەڕەشەی کوشتنی لێكردوون، بەڵام دوای نزیکەی چوار ساڵ و نیو لە تۆمارکردنی سكاڵاكە، ھێشتا سکاڵاکە لەناو دادگادایە و یەکلانەکراوەتەوە.

"هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە"

باخان فاتیح، پارێزەری ئەو پێنج کەسەیە و ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024 بە 964ی راگەیاند: “دوایین جار دۆسیەكە ئاراستەی دادگای کەتن کرا، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت، جارێکی دیکەش لەلایەن دادگای سلێمانییەوە، داواکراوە کە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی، ئەمەش گومانی لای سکاڵاکەرەکان دروستکردووە، كە پێیانوایە دەیانەوێت سکاڵاکە بە لاڕێدا ببرێت”.

بە وتەی پارێزەرەكە، لە رووی یاساییەوە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە و دۆسیەکەش لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بوو، تەنیا دادگایکردن و دەرکردنی حوکم مابوو، بەڵام لەم کاتەدا داواکراوە کە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.

لای خۆیەوە ئازاد مستەفا، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، كە بە تۆمەتی هەڕەشەی كوشتن سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، تایبەت بە 964 وتی: “دۆسیەكەلە دادگایە، من هیچ ناڵێم و بۆ دادگای جێدەهێڵم”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

تۆمەتبارێک بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ پارەی ...

تۆمەتبارێک بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ پارەی لە هاوڵاتیان وەرگرتووە